حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

07.08.2020
جەماوەر نیوز

حزیی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌ 44هه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنیدا ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ " ‏‎ئەم ساڵ لەکاتێکدا یادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەکەینەوە، دۆخى سیاسى کورد و هەرێمە بە خوێن و خەبات بیناکراوەکەى هێشتا لەبەردەم ئاستەنگى سیاسى و ئابوورى گەورەدان، کەرکوک و ئەو ناوچە کوردستانییانەى ترى بەخوێنى کوڕ و براو خوشک و هەڤاڵەکانى ئێوە ئاودراو جارێکى ترو بەشێوازى تر تەعریب دەکرێنەوە و خەڵکە رەسەنەکەى لەسەر خاک و ئاوى خۆیان دەردەکرێن. جەماوەرى کوردستان بەبیانووى جۆراوجۆر لەلایەن حکومەتى بەغداوە بێمووچە و برسى دەکرێن، هێشتا هەڕەشە لەسەر ئەو سەروەرى و دەستکەوتانە ماون کە ساڵەها خوێن و فرمێسکیان بۆ ڕژاوەو وەک شاخ ریشەى هەزاران ساڵەمانیان لەسەر داکوتراوە. ئەمەش داواى خەباتى بەردەواممان لێدەکات کە تەنها بە یەک گیان و گوتاری نیشتمانی دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە تێکۆشەری ئەو رێگەیەین و دۆست و هاوسەنگەری هەر کەس و لایەنێکین کە بەو گیان و ئامانجە خەبات بکات لەپێناو یەکڕیزی و ڕێکخستنی نێوماڵی کوردی و بانگی هەموو دڵسۆزانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەکەین کە کاتی ئەوەیە دەست لەناو دەست تێبکۆشین لە پێناو ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست:

راگەیەنراوی مەکتەبی سیاسی‏‎‏ حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە یادی ٤٤ ساڵەی دامەزراندنیدا
‏‎جــــەمـــاوەری تـێـــکــۆشــەری کــــوردســـتـــان
‏‎‏‎کــەسـوکـــاری ســـەربـــەرزی شـــــەهــــــیـــدان
‏‎‏‎هەڤاڵانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
‏‎‏‎رۆژى ٨ی ئابى ئەمساڵ، ٤٤ ساڵ بەسەر دامەزراندنى حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان تێپەڕ دەبێت، که وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستاندا، رۆژی بانگى بەرگری بوو بەرامبەر هەڵمەتی لەناوبردنی خەڵک و وێرانکردنی خاک و سڕینەوەی ناو و ناسنامەی گەلەکەمان و کاروانى خەباتى سەختى سەنگەر و ورەى پۆڵایینى ژێر ئەشکەنجەى زیندان و فیداکاریى پاى پەتى سێدارەى شەرەف بەرەو نزیکبوونەوە لە نیو سەدە دەچێت.
ئەوە ٤٤ ساڵە سەرکردە و پێشمەرگە و هەڤاڵانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، بێوچان، بێترس و بێباک لە مردن، بەو رێ و رێبازی گیانبازییەدا لە کاروانى شکۆمەندیدان، لەو رۆژە رەشانەى مێژووەوە تا ئەمڕۆ بە گیانی خۆیان کوانووی خەبات جۆشدەدەنەوە و زامى جەستەی خاک تیمار دەکەن و ئاسۆی ئایندەی نیشتمان رووناک دەکەنەوە.
جــــەمـــاوەری کوردســـتان
‏‎حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وەک پێویستییەکی مێژوویی لە ۸ / ۸ / ۱۹۷٦ و دوای پیلانی نێودەوڵەتی و پەیماننامەی شومی جەزائیر هاتە مەیدانی خەبات و ئەمڕۆ لەدوای ٤٤ ساڵ بە سەربەرزییەوە لاپەڕەکانی مێژووی هەڵدەداتەوەو لە هەر وێستگەیەکیدا هەزاران شەهید و نەبەردی و داستانی مقاوەمەی جەسوورانە یاد دەکاتەوە، ئیستاش بە هەمان گوڕو تین، بە هەمان گیان و گەرمیی جاران، بەڵێنی نەسرەوتن تا بەدیهێنانی ئامانجی سەدان ساڵەمان دووپات دەکەینەوە و بەڵێن بە جەماوەری کوردستان دەدەین وەک هەمیشە خەباتکاری سەرسەختی بەدیهێنانی سەروەری و ئارامی و خۆشگوزەرانی بین تا ئەم گەلە مەینەت چەشتووە بە ژیانێکی شایستە دەگات.
‏‎
 ‏‎هەڤاڵانی تێکۆشەر
‏‎ئەم ساڵ لەکاتێکدا یادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەکەینەوە، دۆخى سیاسى کورد و هەرێمە بە خوێن و خەبات بیناکراوەکەى هێشتا لەبەردەم ئاستەنگى سیاسى و ئابوورى گەورەدان، کەرکوک و ئەو ناوچە کوردستانییانەى ترى بەخوێنى کوڕ و براو خوشک و هەڤاڵەکانى ئێوە ئاودراو جارێکى ترو بەشێوازى تر تەعریب دەکرێنەوە و خەڵکە رەسەنەکەى لەسەر خاک و ئاوى خۆیان دەردەکرێن. جەماوەرى کوردستان بەبیانووى جۆراوجۆر لەلایەن حکومەتى بەغداوە بێمووچە و برسى دەکرێن، هێشتا هەڕەشە لەسەر ئەو سەروەرى و دەستکەوتانە ماون کە ساڵەها خوێن و فرمێسکیان بۆ ڕژاوەو وەک شاخ ریشەى هەزاران ساڵەمانیان لەسەر داکوتراوە. ئەمەش داواى خەباتى بەردەواممان لێدەکات کە تەنها بە یەک گیان و گوتاری نیشتمانی دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە تێکۆشەری ئەو رێگەیەین و دۆست و هاوسەنگەری هەر کەس و لایەنێکین کە بەو گیان و ئامانجە خەبات بکات لەپێناو یەکڕیزی و ڕێکخستنی نێوماڵی کوردی و بانگی هەموو دڵسۆزانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەکەین کە کاتی ئەوەیە دەست لەناو دەست تێبکۆشین لە پێناو ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان.
هەر وەک لە ئێستادا تەواوى جیهان و ناوچەکە ڕوو لە گۆڕانکاریى ڕیشەیى و قۆناغى نوێن، بەتایبەت دواى ئەوەى جیهان ڕووبەڕووى پەتایەکى سەرتاپاگیرى کوشندە بووەوەو قوربانیى گەورەى لێکەوتووەتەوە. بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڤید-19ى نوێ (کۆرۆناڤایرۆس)و کاریگەرییە سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و مرۆییەکانى ئەو پەتایە، جارێکى تر ئەو راستییەى دووپاتکردەوە کە کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى یەک خێزانى گەورە و یەک جەستەیە و سەرەڕاى جیاوازییە رەگەزى و چینایەتى و باوەڕ و ئایدۆلۆژییەکان، پێکەوە چارەنووسى ئەم هەسارەیە و شارستانییەتەکەى درێژە پێدەدەن و هەر پێکەوەش بەرەو ڕووى بەڵا و مەترسییە جیهانییەکان و چارەسەرەکانیان دەبنەوە. جارێکى تر ئەو راستییە بەرجەستەبوو کە ژینگەى زەوى یەک ژینگەیە و دانیشتووانى سەر زەوى یەک چارەنووسیان هەیە، بۆیە دەبێت لەدواى ئەم کارەساتە مرۆڤایەتى دوور لە هەر خۆپەرستى و بەرچاوتەنگییەک بۆ بنەماکانى دادپەروەریى کۆمەڵایەتى و فەراهەمکردنى ژیان و گوزەرانى شایستە و خزمەتگوزاریى تەندروستى هاوسەنگ بۆ هەمووان بگەڕێتەوە. 
لەسەر ئاستى کوردستانیش هاوسەنگ لەگەڵ هەوڵى بێوچان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و مسۆگەر کردنى ژیان و گوزەرانى شایستە و خزمەتگوزاریى تەندروستى پێویست بۆ پاراستنى گیانى هاوڵاتیان، پێویستە قەیرانەکان خۆڕاگریى زیاتر و ئیرادەى لەسەرپێ وەستان و پشت بەخۆبەستنمان بەهێزتر بکات، ئەو نیشتمانەى کە لە رۆژانى سەختدا چیاکانى تاکە پشتیوانمان بوون، بۆ هەمیشە خاک و ئاو و سروشتیشى کانگاى ژیان و خێر و بێرو پێگەى سەنگ و سەنگینیمانە.
دووبارە لەگەڵ پیرۆزبایى یادى دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستاندا وەک هەمیشە بە هیواو ئامانجى کوردستانێکى ئازاد و ئاوەدان و جیهانێکى ئارام و دادپەروەر و ئەم کاروانە شکۆدارە پێکەوە بەرەو ئاییندە دەبەین.
پیرۆزبێت ۸ی ئاب ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
‏‎سەرکەوێت پەیامی دیموکراسی و دادپەروەری و مافی چارەنووس
‏‎‏‎ سڵاو بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان


مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان

2020/8/8


زۆرترین خوێندراو