وه‌زیری په‌روه‌رده‌: بڕیاری خوێندنی ئه‌لیكترۆنیمان داوه‌ نه‌ك ئۆنلاین

29.09.2020
جەماوەر نیوز
وەزیری پەروەردە رایدەگەیەنێت، ئێستا چاودێری پرۆسەی خوێندنی پۆلی 12 دەكەن، ئەگەر كاریگەری نەرێنی نەبێت، دەوامی پۆلی یەك و دووی بنەڕەتی لە وادەی دیاریكراودا دەستپێدەكات.
ئه‌مرۆ سی شه‌ممه‌ 29ی ئه‌یلول ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەپێی ئەو بڕیارەی لە ئەنجومەنی وەزارەت دراوە لە 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2020 پرۆسەی خوێندن بۆ پۆلەكانی یەك و دووی بنەڕەتی دەستپێدەكاتەوە، ئێستا خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستپێكردووە و ئێمە لە قۆناغی چاودێریكردنی پرۆسەكە داین، بۆ ئەوەی بزانین كۆرۆنا تاچەند كاریگەری لەسەر مامۆستا و خوێندكاران دەبێت".
لەبارەی خوێندنی پۆلەكانی دیكە، وەزیری پەروەردە وتی: "بڕیاری خوێندنی ئەلیكترۆنیمان داوە نەك ئۆنلاین، چونكە دووشتی جیاوازن، ھەروەھا دەسەڵاتمان داوەتە بەڕێوەبەری پەروەردەكان لە ھەر شوێنێك بەتایبەتی لە گوندەكان ئەگەر ژمارەی خوێندكاره‌كان كەم بێت و ھێڵی ئینتەرنێت خراپ بێت، دەتوانن بەپێی رێنماییەكانی تەندروستی لە تەواوی قۆناغەكان خوێندن دەست پێبكەنەوە".
وەزیری پەروەردە ئەو دەنگۆیەشی رەتكردەوە، كە بەرنامەیان ھەبێت پەروەردە بدرێت بە كەرتی تایبەت، لەوبارەوە وتی: "پلان و بەرنامەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گرنگیدانە بە كەرتی حكومی لە بواری پەروەردە، ھەروەھا ھانی كەرتی تایبەت دەدەین، لەبەر ئەوەی ستراتیژی حكومەت ئەوەیە ھانی كەرتی وەبەرھێنان دەدات، بەڵام بەھیچ جۆرێك موڵكی خۆمان نادەینە كەرتی تایبەت و رێگریش لەوە دەكەین كوالیتی خوێندن لە قوتابخانە حكومییەكان دابەزێت".

زۆرترین خوێندراو