ئۆکرانیا شارى لیمان کۆنترۆڵ ده‌کاته‌وه‌

02.10.2022
جەماوەر نیوز
سه‌رۆکى ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکى رایگه‌یاند: ''ئۆکراینا به‌پێى تواناى خۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌م له‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا که‌ ئێستا هه‌وڵى لکاندنى ده‌کرێت و هه‌میش له‌ کریمیا که‌ له‌ ساڵى ٢٠١٤ه‌وه‌ لکێندراوه‌ به‌ رووسیاوه‌... ئاڵاکه‌مان له‌ هه‌موو شوێنێک ده‌بێت''.

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکى له‌ گرته‌یه‌کى ڤیدیۆییدا که‌ له‌ هه‌ژمارى تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تیى بڵاوى کرده‌وه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ سوپاى وڵاته‌که‌ى به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشڕه‌ویه‌کانى له‌ دۆنێتسک و هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ دۆخى شارى لیمان کرد.

سه‌رۆکى ئۆکراینا، ووتى : ''به‌ درێژایى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ دۆنباس ئاڵاى زیاترى ئۆکراینا هه‌یه‌ و له‌ هه‌فته‌یه‌کى دیکه‌دا زیاتر ده‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و به‌ناو ریفراندۆمه‌ چییه‌؟ ئایا ناوچه‌ى دۆنێتسکى دووه‌م هه‌یه‌؟ ئۆپه‌راسیۆنى ئۆکراینا به‌رده‌وام ده‌بێت''.

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکى ووتیشى  : ''ئاڵاى ئۆکراینا له‌ شارى لیمان له‌ ناوچه‌ى دۆنێتسک هه‌ڵدراوه‌. له‌وێ شه‌ێ‌ و پێکدادانه‌کان به‌رده‌وامن و ئاسه‌وارى هیچ به‌ناو ریفراندۆمێک بوونى نییه‌. ئۆکراینا به‌پێى تواناى خۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌م له‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا که‌ ئێستا هه‌وڵى لکاندنى ده‌کرێت و هه‌میش له‌ کریمیا که‌ له‌ ساڵى ٢٠١٤ه‌وه‌ لکێندراوه‌ به‌ رووسیاوه‌... ئاڵاکه‌مان له‌ هه‌موو شوێنێک ده‌بێت''.

ئه‌مڕۆ، وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئۆکراینا بڵاوى کرده‌وه‌ که‌ سه‌ربازانى وڵاته‌که‌ى چوونه‌ته‌ شارى لیمان.

له‌ به‌رامبه‌ردا، وه‌زاره‌تى به‌رگریى رووسیا رایگه‌یاند: ''به‌هۆى مه‌ترسى گه‌مارۆدانه‌وه‌ هێزه‌کانى هاوپه‌یمانى له‌ یه‌که‌ى نیشته‌جێبوونى کراسنى لیمان کشانه‌وه‌ بۆ شوێنێکى باشتر''.

ئه‌مه‌له‌کاتێکدایه‌ که‌دوێنێ‌ سوپاى ئۆکرانیا رایگه‌یاند هێزه‌کانیان له‌ ئۆپه‌راسیۆنێکدا له‌ شارۆچکه‌ى لیمانى ڕۆژهه‌ڵاتى وڵاته‌که‌یاندا گه‌مارۆى هه‌زاران سه‌ربازى ڕووسییایان داوه‌.

گرتنى شارۆچکه‌که‌ کاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر هێزه‌کانى روسیا هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى ڕووسیا وه‌کو ناوچه‌یه‌کى سه‌ره‌کى بۆ کاره‌ لۆجیستیکییه‌کان و گواستنه‌وه‌ به‌کاریده‌هێنا  بۆ پشتیوانیکردن له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کان له‌ باکوورى هه‌رێمى دۆنێتسک، شکستێکى گه‌وره‌ى دیکه‌ى پلانه‌کانى کرێملن ده‌بێت بۆ گرتنى سه‌رانسه‌رى هه‌رێمى دۆنباسى ڕۆژهه‌ڵاتى ئۆکرانیا.

سێرهێى چیریڤاتى وته‌بێژى هێزه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى ئۆکرانیا ووتى " هێزه‌کانى ڕووسیا له‌ ناوچه‌ى لیمان گه‌مارۆ دراون."

وتیشى " لیمان گرنگه‌ چونکه‌ هه‌نگاوى دواتره‌ به‌ره‌و ئازادکردنى دۆنباسى ئۆکرانیا. ده‌رفه‌تێکه‌ بۆ ڕۆیشتن به‌ره‌و کرێمینا و سیڤیێرۆدۆنێتسک، هه‌روه‌ها له‌ ڕووى ده‌روونیشه‌وه‌ زۆر گرنگه‌."

ئه‌وه‌شى ئاشکرا کرد که‌هێزه‌کانى ڕووسیا له‌ لیمان نزیکه‌ى 5000 بۆ 5500 سه‌رباز ده‌بن، به‌ڵام ژماره‌ى سه‌ربازه‌ گه‌مارۆ دراوه‌کان که‌م بۆته‌وه‌ چونکه‌ هه‌ندێک له‌و سه‌ربازانه‌ى که‌ ویستوویانه‌ گه‌مارۆکه‌ بشکێنن کوژراون.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد هێزه‌کانى ڕووسیا هه‌وڵى سه‌رنه‌که‌وتوویان داوه‌ بۆ شکاندنى گه‌مارۆکه‌.

هه‌روه‌ها ووتى  " هه‌ندێکیان خۆیان ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌، کوژراو و بریندارى زۆرییان هه‌یه‌، به‌ڵام ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ هێشتا ته‌واو نه‌بووه‌."

زۆرترین خوێندراو