كشانەوە لە پەرلەمان

11.10.2022
جەماوەر نیوز

ئیسماعیل خورماڵی
لەسەروبەندی درێژكردنەوەی پەرلەمان، زۆركەس ئەو پرسیارە دەكات ئەگەر پەرلەمانتاران بكشێنەوە چی ڕوو دەدات؟
زۆر بەكورتی:
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاتێ پەرلەمانتار دەكشێتەوە ڕاستەوخۆ هەر لەو بازنەیەی پاڵێوراوە كشاوەكەی تێدا دەرچووە پاڵێوراوی پاشتر كەزۆرترین دەنگی ئەو بازنەی هەیە و دەرنەچووە دەچێتە جێگای.
بەڵام لەبەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان جیاوازە و بەلیست بووە نەك تاكە كەس. لەڕووی یاسایی و هونەرییەوە ئەگەر پەرلەمانتارێك یان كۆمەڵە پەرلەمانتارێك لەپەرلەمان كشانەوە و دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند كرا. ئەوا لەسەر داوای پەرلەمان كۆمسیۆن ناوی ئەو پاڵێوراوە یان ئەو پاڵێوراوانە بەرز دەكاتەوە لە هەمان لیست كە دەبنە شوێن گرەوەیان و پاش ئاگادار كردنەوەیان دەبێت لە ماوەی یاساییدا كە ئاگادار كراوەتەوە سوێندی یاسایی بخوات و دەستبەكار بێت.
ئەگەر ئەو پاڵیوراوە نەیویست دەست بەكار بێت ئەوا هەمان پرۆسە بەردەوام دەبێت تا كەسێكی تر شوێنی دەگرێتەوە و دەستبەكار دەبێت یان پاڵێوراوانی لیستەكە كۆتایی دێت.
ئەگەر كەس لەو لیستە ئامادە نەبوو ببێتە شوێنگرەوە. ئەو كات كۆمسیۆن بەلابردنی دەنگی ئەو قەوارەیە سەرلەنوێ كورسیەكان دابەش دەكاتەوە بەسەر لیستە براوەكاندا.
بەنمونە:
ئەگەر قەوارەیەك (80) كاندیدی هەبوو، بەڵام تەنها (10) كورسی بردبوویەوە. ئەگەر ئەو (10) پەرلەمانتارە بكشێنەوە. ئەوا كۆمسیۆن (10) ناوی پاش ئەوان پێشنیار دەكات بۆ پەرلەمان بۆ شوێنگرەوەیان. ئەگەر ئەو (10) كەسە یان هەندێكیان نەیانویست دەست بەكار بن لە ماوەی یاساییدا، ئەوا جارێكی تر كۆمسیۆن لەسەر داوای پەرلەمان شوێنگرەوەی تر دەنێرێت. ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تا (10) پەرلەمانتاری هەمان لیست دەستبەكار دەبن. ئەگەر كەس نەبووە شوێن گرەوەیان لە پاڵێوراوانی لیستەكە تا كۆتایی یاخود چەند كەسێك مابوو، ئەوا كۆمسیۆن كورسیەكانی ئەو قەوارەیە یان كورسیە بەتاڵەكانی دابەشی سەر پارتەكانی تر دەكات.

زۆرترین خوێندراو