دوورخستنەوەی سەرۆککۆماری پێشووی چین ئاشكرا ده‌كرێت

23.10.2022
جەماوەر نیوز

میدیا فەرمییەکانی چین ئاشکرایانکرد، هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆککۆماری پێشووی چین لە کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیست بۆ تێكچوونی باری تەندروستی دەگەڕێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی چین لە تویتەر ئاماژەی بەوەدا، هو جینتاو، سەرۆککۆماری پێشووی چین سووربووە لەسەر بەشداریکردن لە ئاهەنگی کۆتایی حزبەکەدا، لەکاتێکدا پێویستی بە کاتی زیاتر بوو بۆئەوەی تەندروستی باشتر ببێت.
بە گوتەی ئاژانسی فرانس پرێس، کاتێك سەرۆککۆماری پێشووی چین لە کۆبوونەکەدا هەستیکرد باش نییە، تیمەکەی بۆ چوونەدەرەوە لە هۆڵەکە هاودەمییان کرد، بەڵام ئێستا زۆر باشترە.
دوورخستنەوەی هو جینتاو لە کۆنگرەی حزبەکەی، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی کاتێك کە حزبی کۆمۆنیستی چین هیچ روونکردنەوەیەكیان لەسەر بابەتەکە نەدا.  
(هو جینتاو)ـی تەمەن 79 ساڵ، لە کاتی چوونەدەرەوە لە هۆڵی کۆبوونەوە دەستی لەسەر شانی (لی کێ چیانگ) سەرۆکوەزیرانی چین دانا و دواتر بە یاوەری چەند کەسێك، هۆڵەکەی جێهێشت. جینتاو ئەو کاتەی سەرۆککۆماری وڵاتەکەی بوو، پشتگیرییەکی تەواوی لە (لی کێ چیانگ) دەکرد.

لە کۆبوونەوەی (شەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2022) حزبی کۆمۆنیست، سەرۆکوەزیران و سێ ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە لە کۆمیتەی ناوەندیی نوێ، دەرکران.
حزبی کۆمۆنیستی چین نزیک بە 90 ملیۆن ئەندامی هەیە و وەک گەورەترین حزبی جیهان دەناسرێت.
ڕۆژی شه‌ممه‌ دواکۆبوونەوەی کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیست بوو، ئه‌مرۆ (شی جین پینگ) تیمی رێبەرایەتی نوێی خۆی رادەگەیەنێت


زۆرترین خوێندراو