به‌هۆى راگرتنى به‌رهه‌مهێنان له‌ دوو کێڵگه‌ى نه‌وتى کوردستان ٣٣٠ مێگاوات کاره‌با که‌م ده‌کات

31.03.2023
جەماوەر نیوز
به‌هۆى راگرتنى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌ هه‌ردوو کێڵگه‌ى نه‌وت له‌ گه‌رمیان و خۆرمه‌ڵه‌ به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با به‌بڕى ٣٣٠ مێگاوات کاره‌با که‌مى کرد.

ئومێد ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى کاره‌با رایگه‌یاند:''بڕیاره‌که‌ى دادگاى پاریس بووه‌ هۆى راگرتنى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌ چه‌ند کێڵگه‌یه‌کى کوردستان و به‌هۆیه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با که‌مى کرد.''

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى کاره‌با ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که‌ له‌ ئێستادا له‌ وێستگه‌ى ١٦٥ مێگاواتى کاره‌با له‌ گه‌رمیان که‌ به‌غازى کێڵگه‌ى نه‌وتى حه‌سیره‌ کاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت ٨٠ مێگاوات کاره‌با که‌مى کردووه‌ و له‌ وێستگه‌ى خۆرمه‌ڵه‌ش له‌ هه‌ولێر به‌بڕى ٢٥٠ مێگاوات کاره‌با که‌مى کردووه‌، به‌مه‌ش ٣٣٠ مێگاوات له‌ تۆڕى کاره‌باى نیشتمانى کوردستان که‌مى کردووه‌.

وه‌زاره‌تى کاره‌با له‌ هه‌وڵدایه‌ به‌پشت به‌ستن به‌ کاره‌باى هایدرۆپاوه‌رى هه‌ردوو به‌نداوى دوکان و ده‌ربه‌ندیخان و وێستگه‌کانى غازى سلێمانى و هه‌ولێر قه‌ره‌بووى ئه‌و که‌مبوونه‌وه‌یه‌ بکاته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو