محەمەدی حاجی مەحمود: ئەمەریکا و ئەڵمانیا مەشقییان بەهێزەکانمان کردووە

26.04.2023
جەماوەر نیوز

محەمەد حاجی مەحمود لە میانەی وتووێژێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕایگه‌یاند ئەمەریکی و ئەڵمانەکانیش مەشقییان بەهێزەکانمان کردووە.

محەمەدی حاجی مەحمود ئامادەنەبوو ناوی ئەو لایەنانە ببات کە وەک خۆی وتی لە "پێش ئێمەوەن"، بەتەنها وتی" زیاتر لە چوارسەد پێشمەرگە و کەسایەتی ناو حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی لە ناو هەرێمی کوردستاندان لەوچەند ساڵەدا بونەتە قوربانی، بۆیە لەو لایەنانە بپرسن. "
بە پێچەوانەی ئەم تۆمەتانە، ئەو ڕایگەیاند لە ڕابردوودا حزبەکەی هاوکاری هێزە کوردیەکانی دەرەوەی هەرێم بووە و بەردەوام دەبێت.
محەمەدی حاجی مەحمود ڕایگەیاند، "لەکاتی ئازادکردنی هەڵەبجەدا نۆسەد پێشمەرگەی حزبی دیموکرات ئێمە ڕزگارمان کردن ناوەکانیشمان لایە."
وتیشی، "ئێمە بەدرێژایی مێژوو یارمەتی هەموو کوردی پارچەکانمان داوە؛ یارمەتی کوردی ئێران، یارمەتی پەکەکە، کە تەنانەت برینداریشمان هەبووە.
ئێمە دژی هیچ لایەنێکی کوردی نین لە هیچ پارچەیەک. خۆ ئەگەر دۆستایەتیشمان پێ نەکرێت، دوژمنایەتییان ناکەین. هەموو کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان بەیەک میللەت دەزانین."
ڤیدیۆی "مەشقی سەربازی"
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبووەتەوە کە دەوترێت بریتییە لە مەشق پێکردنی پێشمەرگەکانی پترته‌ سۆسیال لە لایەن پازدارانی ئێرانەوە. هەندێک میدیای ناوخۆیی هەرێم دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە مەشقەکە ئامادەکارییە بۆ هێرشی هێزەکانی پارتی سۆسیال بۆ سەر حزبەکانی کوردستانی ئێران کە لە هەرێمی کوردستاندان.
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود ڕەتیکردەوە ئەو ڤیدۆیە نوێ بێت، و ڕایگەیاند، " ئەو ڤیدۆیە هی ساڵی 2016 یە، هی کاتی شەڕی داعشە، ئەوکاتەی کە من دەچوم بۆ شەڕ. ڕاهێنانیان بە شۆفێر و پاسەوانەکانم دەکرد تا هەرکاتێک کەوتنە شەڕەوە، چون شەڕ بکەن."
وتیشی، "دوو سێ جار کەوتینە ناو کەمینی داعش، ئەو مەشق و ڕاهێنانە وایکردبوو کە پێشمەرگەکانمان توانای ڕووبەڕوبونەوەیان هەبێت لەوکاتانەدا. "
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1976 دامەزراوە و لەو کاتەوە خاوەنی هێزی چەکدارییە. حزبەکە لە ئێستادا مەزندە دەکرێت نزیکی 3 هەزار پێشمەرگەی هەبێت.
لە پاش کەوتنی موسڵ و فراوانخوازی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2014، هێزێکی سۆسیال کە بە 2 هەزار مەزندە دەکرێت بەشداری کرد لە شەڕەکانی دژ بە داعش لە کەرکوک و ناوچە کوردییەکانی تر. لەو شەڕانەدا چەند ئەندامێکی ئەو حزبە شه‌هید بوون لە نێوانیاندا عەتای کوڕی محەمەدی حاجی مەحمود کە لە مانگی 11ی 2014 لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەیەک لەگەڵ داعشدا لە ناوچەی تەل وەردی باشووری رۆژئاوای کەرکوک شه‌هید بوو.
سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران و وڵاتانی تر لە مەشقپێکردنی هێزەکانی پارتی سۆسیال، محەمەدی حاجی مەحمود وتی، "ئێمە کۆمەڵێک مامۆستامان هێناوە کە هی زانکۆی تارانن. خۆ ئێرانییەکانیش مەشقمان پێبکەن زۆر ئاساییە. ئێمە پەیوندیمان هەیە لەگەڵ ئێران، عێراق، تورکیا،ئەمەریکا و هەمووان. ئێستاش لە زاخۆ و قەڵاچۆلان خەڵکمان هەیە مەشقییان پێدەکەن. ئەمەریکی و ئەڵمانەکانیش مەشقییان بەهێزەکانمان کردووە."
ئەو ڕایگەیاند کە حزبەکەی لە ئێستادا بنکەیەکی مەشقکردنی هەیە لە نزیک گوڵەخانە. وە جگە لە وڵاتانی تر، پێشتر لە سەرای سوبحان ئاغا یەکێتیش ڕاهێنانیان کردووە بە هێزی حزبەکەی.
دەشڵێت، "ئێران دەوڵەتێکی گەورەیە. ئەگەر ئێران پەیوەندی لەگەڵ ئێمە هەبێت و بێت مەشق بە ئێمە بکات وەڵا ئێمە شانازی پێوە دەکەین."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێران هیچ کات داوای کردووە پارتی سۆسیال فشار بخاتە سەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران، محەمەدی حاجی مەحمود وتی، "من ئەوە چل ساڵە لەم مەیدانەدام، بۆ یەکجاریش ئێران داوای لە ئێمە نەکردووە دژی هیچ حزبێکی کوردی لە کوردستانی عێراق یا ئێران یا هەرکوێ بین."
هێزێکی 20 هەزار کەسی
نزیکی دوو مانگ لەمەوبەر سوسیالیست ئەوەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە کە بەفەرمی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی هێزەکەی بۆ نزیکی حەوت ئەوەندەی ئێستا زیاد بکرێت.
محەمەدی حاجی مەحمود ئەو کات بە دەنگی ئەمەریکای وتبوو، "ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بۆمان بكات، به‌ڵێ 20 هه‌زار كه‌سی تر داده‌مه‌زرێنین، چونكه‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌مووی دۆخی باش نییه‌ و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌تا ئێستا سه‌قامگیری سیاسی لە هه‌رێمی كوردستان نییه."
لە چاوپێکەوتنەکەی ڕۆژی سێشەممە (25/4/2023) محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود

جەختی کردەوە لەم داوایە بۆ زیادکردنی هێزەکەیان و ڕایگەیاند "ئەم هێزەی ئێمە تەنها بۆ پاراستنی کوردستانە نەک هیچ مەبەستێکی تر. "
سەبارەت بە موچەی هێزی حزبەکەی، محەمەدی حاجی مەحمود وتی"، هێزەکانی ئێمە بەشێکیان سەر بەوەزارەتی ناوخۆن، بەشێکیشیان سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەن، وە یەکەیەکیشمان هەیە هێشتا ناومان نەناوە یەکەی شەست دەبێت یا نەوەد، جار جار بۆ ئەو هێزە خۆمان یارمەتییان دەدەین. "
ئەو ڕایگەیاند کە سۆسیالیست مەبەستیەتی خۆی ئامادەبکات بۆهەر ئەگەرێک کە لەناوچەکەدا ڕووبدات، چونکە "ئێستا هیچ ئارامی و جێگرییەک لە ناوچەکەدا نییە. ئەمەریکا و ڕوسیا، ئۆکرانیا، جگە لەوە چین هاتووەتە ناوچەکە. "
جەختیشی کردەوە ئەو ناکۆکیانە لەناوچەکەدا وایانکردووە لە عێراقدا جگە لە سوپای عێراقی، "حەفتا جۆر هێزی تر" هەبێت.


زۆرترین خوێندراو