کۆمپانیاى ڤۆڵڤۆ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین داهێنانه‌کانى پێشکه‌شى مرۆڤایه‌تى کرد

30.05.2023
جەماوەر نیوز
کۆمپانیاى ڤۆڵڤۆى سویدى بێ به‌رامبه‌ر یه‌کێک له‌ گرنگترین داهێنانه‌کانى پێشکه‌شى مرۆڤایه‌تى کرد که‌ بووه‌ هۆکارى پاراستنى گیانى ملیۆنان که‌س له‌ جیهاندا، ئه‌ویش بیرۆکه‌ى داهێنانى پشتوێنى سه‌لامه‌تى (٣ خاڵ) بوو بۆ یه‌که‌م جار.

کۆمپانیاى ڤۆڵڤۆ له‌ساڵى ١٩٥٩  له‌لایه‌ن گه‌نجێکى سویدى به‌ناوى ( Nils Bohlin) بوو به‌ یه‌که‌م کۆمپانیا له‌ داهێنانى پشوتێنى دڵنیایى (٣خاڵ)دا ،که‌ به‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین و گرنگترین داهێنان له‌مێژووى مرۆڤایه‌تیدا داده‌نرێت و ئه‌مه‌ش دواى زنجیره‌یه‌ک ئه‌زموونى  بێ ئه‌ نجامى پێش خۆى بوو.

پشتوێنى سه‌لامه‌تی: به‌شێکه‌ له‌ ناوه‌وه‌ى ئوتومبیل دانراوه‌، له‌ پێناو سه‌لامه‌تى مرۆڤه‌کاندا داهێنراوه‌، ئامانج لێى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ره‌کانى مردن و بریندارى که‌م بکاته‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌کانى هاتووچۆدا.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵى (1870) دا یه‌که‌مین ئۆتۆمبێل داهێنرا، به‌ڵام باشترین سیسته‌مى پشتوێنى سه‌لامه‌تى (50) ساڵ دواى داهێنانى ئۆتۆمبێل که‌وتۆته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌و داهێنانى ئه‌م ئامرازه‌ش وه‌ک پراکتیزه‌کردنى یاساى یه‌که‌مى نیوتنه‌ که‌ ده‌ڵێت:

 (ته‌نێکى نه‌جوڵاو به‌ نه‌جوڵاوى ده‌مێنێته‌وه‌و ته‌نى جوڵاویش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ جوڵه‌که‌ى به‌خێراییه‌کى رێک و له‌ هێڵێکى رێکدا ئه‌گه‌ر هیچ زه‌برێکى ده‌ره‌کى کارى تێنه‌کات)

داهێنانى پشتوێنى سه‌لامه‌تى (٣خاڵی) له‌ ساڵى ١٩٥٩

بۆیه‌که‌مجار ئه‌م جۆره‌ پشتوێنه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌کانى ڤۆلڤۆى سویدیدا به‌کارهێنراو بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێک تاقیکرایه‌وه‌و ده‌رکه‌وت رێژه‌ى مردن و برینداربوونى سه‌ختى سه‌رنشینانى ئۆتۆمبێل له‌ رووداوه‌کانى هاتووچۆدا که‌متر ده‌کاته‌وه‌، هه‌مان ساڵ بووه‌ خاوه‌نى پێشه‌نگى داهێنانه‌کان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه‌ Nils ده‌ستبه‌ردارى هه‌ر قازانجێک بوو که‌ له‌و داهێنانه‌ ده‌ستى بکه‌وێت و هه‌موو کۆمپانیاکانى ترى ئوتومبیل بۆیان هه‌بوو بێ به‌رامبه‌ر ئه‌و داهێنانه‌ له‌ ئوتومبیله‌کانیاندا به‌رده‌ست بکه‌ن، دواى ماوه‌یه‌کى که‌م زۆربه‌ى کۆمپانیاکانى دروستکردنى ئۆتۆمبێل له‌ جیهاندا هه‌مان رێچکه‌ى کۆمپانیاى ڤۆلڤۆیان گرت و پشتوێنى سه‌لامه‌تیان له‌ ئۆتۆمبێله‌کانیاندا دانا به‌شێوه‌ى (٣خاڵی).

 له‌ شه‌سته‌کانى سه‌ده‌ى رابردوو به‌دواوه‌ هه‌ندێک ووڵات یاساى تایبه‌تیان به‌ پشتوێنى سه‌لامه‌تى ده‌رکرد و به‌ستنى ئه‌و پشتوێنه‌یان بۆ شۆفێرو سه‌رنشینه‌کان کرده‌ ناچارى و سزاى مادییان بۆ سه‌رپێچیکارانى بڕیاره‌که‌ دانا.

له‌راپۆرتێکى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سه‌باره‌ت به‌ سه‌لامه‌تى شۆفێرى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات:  سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى ئۆتۆمبێله‌کانى ئه‌مڕۆ پشتوێنى سه‌لامه‌تیان هه‌یه‌، که‌چى هێشتا هه‌ندێک له‌ شۆفێران پشتوێنى سه‌لامه‌تى به‌کارناهێنن و به‌ شتێکى زیاده‌ و به‌ستنى به‌بێگار ده‌زانن، هه‌ر بۆیه‌ تا ئێستا ساڵانه‌ به‌هۆى ڕووداوه‌کانى هاتووچۆوه‌ (1.35) ملیۆن که‌س له‌ جیهاندا گیان له‌ ده‌ستده‌ده‌ن.

Nils Bohlinداهێنه‌رى پشتوێنى سه‌لامه‌تى له‌ ووته‌یه‌کدا ده‌ڵێت:

من زۆر به‌خته‌وه‌رو شاد ده‌بم کاتێک که‌سێک ده‌بینم پێم ده‌ڵێت پشتوێنى سه‌لامه‌تى خۆشه‌ویستترین و به‌نرخترین که‌سى ژیانم ده‌پارێزێت.

ماڵپه‌رى فه‌رمى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى هاتووچۆى پارێزگاى سلێمانى
ئاماده‌کردنی: دیار عباس


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ