کۆمسیۆنی عێراق: ناتوانین هەڵبژاردنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان پێكه‌وه‌ بکەین

31.05.2023
جەماوەر نیوز
لیژنەی یاسایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی ئه‌نجومه‌نی نێنه‌رانی عێراق، کۆمسیۆنەکە رایگەیاندووە کە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەککاتدا بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-05-2023، لەو کۆبوونەوەیەدا لیژنەی یاسایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقی لەگەڵ کۆمسیۆن تاوتوێکرد و باسیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش کردووە. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەیەک کاتدا لە توانای ئەواندا نییە.
لیژنەی یاسایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای لە کۆمسیۆن کردووە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەر لە 24 کاژێر لەدوای دەنگدان رابگەیێندرێن، هەروەها لەبارەی توانای کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەیەک کاتدا گفتوگۆیان کردووە کە کۆمسیۆن ئەوەی رەتکردووەتەوە لە توانایدا بێت.


زۆرترین خوێندراو