وه‌زیرى دارایی: به‌ دابه‌شکردنى مووچه‌ى مانگى (7) ده‌ستپێده‌که‌ین و دڵنیایى ده‌ده‌ینه‌ مووچه‌خۆرانى خۆمان به‌رگریکاریان ده‌بین

18.09.2023
جەماوەر نیوز
وه‌زیرى دارایى و ئابورى هه‌رێمى کوردستان دڵنیایى ده‌داته‌ مووچه‌خۆرانى هه‌رێم که‌ ئه‌وان به‌ دابه‌شکردنى مووچه‌ى مانگى (7) ده‌ست به‌دابه‌شکردنى پاره‌که‌ى به‌غدا ده‌که‌ن و به‌رگریکارى سه‌رسه‌ختى مافى مووچه‌ خۆرانى هه‌رێم ده‌بن. 
ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى و ئابورى هه‌رێم له‌ لێدوانێکى تایبه‌تدا بۆ "زه‌مه‌ن" وتی" ئه‌مه‌ى بۆمان دێت به‌داخه‌وه‌ ته‌مویلى مانگى 7و 8 و 9 و 10 و 11 و 12، نیه‌ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ وه‌ک حکومه‌تى هه‌رێم داوامانکردووه‌، به‌ڵکو ئه‌مه‌ قه‌رزه‌، حکومه‌تى هه‌رێمیش ئازاده‌ بۆ چ مانگێکى خه‌رجده‌کات".
ئه‌مڕۆ له‌پاش بڕیاره‌که‌ى حکومه‌تى عێراق بۆ ناردنى 700 ملیار دینار بۆ هه‌ریه‌که‌ له‌مانگه‌کانى 9 و 10 و 11، هه‌ندێک له‌ میدیاکان ئه‌وه‌یان بڵاوکرده‌وه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم باز به‌سه‌ر دابه‌شکردنى مووچه‌ى مانگى حه‌وت و هه‌شت دا ده‌دات. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و گومانانه‌دا وه‌زیرى دارایى هه‌رێم وتی" مووچه‌خۆرانى هه‌رێم مووچه‌ى مانگى 7 و 8 یان وه‌رنه‌گرتووه‌و ئێمه‌ به‌ مووچه‌ى مانگى (7) ده‌ستپێده‌که‌ین و دواى ئه‌ویش مووچه‌کانى مانگى (😎 و (9)به‌مووچه‌خۆران ده‌ده‌ین".
ئاوات شێخ جه‌ناب رونیشیکرده‌وه‌ " بۆ مووچه‌کانى مانگه‌کانى داهاتوتریش ئه‌م ماوه‌یه‌ هه‌وڵه‌ده‌ین کێشه‌کان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى عێراق چاره‌سه‌ربکه‌ین".
وه‌زیرى دارایى له‌ لێدوانه‌که‌یدا بۆ "زه‌مه‌ن" ئاماژه‌یشى بۆ ئه‌وه‌کرد ئه‌گه‌ر به‌غدا نیه‌تیان پاکبێت به‌رامبه‌ر هه‌رێم، به‌دڵنیاییه‌وه‌ مووچه‌کانى تریش ده‌سته‌به‌رده‌که‌ین و مووچه‌خۆرانى خۆمان دڵنیاده‌که‌ینه‌وه‌ شه‌و رۆژ ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى مووچه‌کانیان و شایسته‌ داراییه‌کانى هه‌رێم".
وه‌زیرى دارایى وتی"ئه‌وه‌ى پێویسته‌ بۆ خه‌ڵکى کوردستانى بخه‌ینه‌ روو ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و لایه‌نه‌ى پابه‌ندبوونى ده‌ستورى و یاسایى که‌وتۆته‌ سه‌رى لایه‌نى هه‌رێم نیه‌، به‌ڵکو حکومه‌تى فیدراڵیه‌، چونکه‌ هه‌رێم هه‌موو پابه‌ندبونه‌کانى خۆى جێبه‌جێکردووه‌، هه‌رێم خۆى نه‌وته‌که‌ى نافرۆشێت، بڕیاریشیان داوه‌و به‌ته‌مان هه‌موو داهاتى ناوخۆى هه‌رێم بگوازنه‌وه‌ بۆ به‌غدا، هه‌رێم ده‌رگاى کردۆته‌وه‌ بۆ چاودێرى دارایى عێراق، ئیتر هیچ بیانوو و پاساوێکیان نیه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ببڕن".


زۆرترین خوێندراو