په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌دات

18.09.2023
جەماوەر نیوز
دواى ده‌ ساڵ له‌ به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ و ته‌واوکردنى ڕێوشوێنه‌ یاسایى و کارگێڕییه‌کان، هاوکات هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم تا له‌ چوارچێوه‌ى عێراقیشدا ددان به‌ به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌دا بنرێت، ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئه‌مڕۆ ١٨ ى ئه‌یلوولى ٢٠٢٣، له‌ کارنامه‌ى خۆیدا، ده‌نگدان له‌سه‌ر به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ى خستووه‌ته‌ کارنامه‌ى خۆیه‌وه‌.
به‌ پێى کارنامه‌ى دانیشتنى ژماره‌ ١٥ـى دووشه‌ممه‌ى ١٨ـى ئه‌یلوولى ٢٠٢٣، یه‌کێک له‌ گفتوگۆکانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بریتییه‌ له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى هێنانه‌کایه‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ چوارچێوه‌ى پارێزگاکانى عێراقدا وه‌کوو نۆزده‌یه‌مین پارێزگاى عێراق.
پرۆژه‌یاساى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ "به‌ هۆى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى و له‌ ئه‌نجامى فراوانبوونى ئاوه‌دانى و زیادبوونى دانیشتووانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌روه‌ها به‌ هۆى ئه‌و قوربانى و زیانه‌ ماددى و مرۆیى و ژینگه‌ییه‌ گه‌وره‌ى له‌ هێرشى کیمیاویى ڕژێمى به‌عس له‌ ساڵى ١٩٨٨ بۆ سه‌ر شاره‌که‌ که‌تووه‌ته‌وه‌، به‌ پێویست ده‌زانرێت شاره‌که‌ بکرێته‌ پارێزگا." له‌ مادده‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌یاساکه‌شدا هاتووه‌ "حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سنوور و یه‌که‌ ئیدارییه‌کانى پارێزگاکه‌ دیارى ده‌کات."
پاش ساڵانێک له‌ دواخستن و فه‌رامۆشکردنى به‌پارێزگاکردنى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى فیدراڵیى عێراقه‌وه‌، ڕۆژى ١٣ ى ئادارى ٢٠١٤، به‌ بڕیارى نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى ئه‌وکاتى هه‌رێمى کوردستان، هه‌ڵه‌بجه‌ کرایه‌ پارێزگا.
دۆسیه‌ى به‌ پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ساڵى ٢٠١٥ـه‌وه‌ چووه‌ته‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق‌، که‌ ئه‌وکات نوورى مالیکى سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق بوو و بڕیاره‌که‌ کارى پێ نه‌کرا‌؛ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا حکومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وام داواى له‌ حکومه‌تیى فیدراڵیى عێراق کردووه‌ بڕیار له‌سه‌ر به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ چوارچێوه‌ى پارێزگاکانى عێراق بدات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ کابینه‌ى نۆیه‌مدا به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت جه‌ختى لێ کراوه‌ته‌وه‌.
پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌که‌وێته‌ باشوورى ڕۆژهه‌ڵاتى شارى سلێمانییه‌وه‌، له‌ چوار ناحیه‌ى سیروان، خورماڵ، بیاره‌، به‌مۆ پێک هاتووه‌ و له‌ ساڵى ١٨٨٩ بووه‌ته‌ قه‌زا. شارى هه‌ڵه‌بجه‌ مه‌ڵبه‌ندى هزر و ڕۆشنبیرى بووه‌؛ له‌ ١٦ ى ئادارى ١٩٨٨، حکومه‌تى به‌عس له‌ هێرشێکى دوژمنکارانه‌دا، به‌ چه‌کى کیمیاوى په‌لامارى دا و پێنج هه‌زار کوردى سڤیل به‌و هۆیه‌وه‌ گیانیان سپارد و هه‌زارانى دیکه‌ش بریندار و په‌ککه‌وته‌ بوون.
تا به‌ ئه‌مڕۆ ده‌گات، حکومه‌ته‌کانى عێراق، له‌ هه‌موو بواره‌کانى مرۆیی، سیاسی، یاسایی، ته‌ندروستى و ئاوه‌دانیدا، قه‌ره‌بووى شاره‌که‌یان نه‌کردووه‌ته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ