بافڵ تاڵەبانی : بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەت دەکات

18.09.2023
جەماوەر نیوز
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیستمانی کوردستان ئێانەی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی
عەربەت دەکات ودەڵێت تاوانکاری وبەزاندنی سنوری هرێمی کوردستانە
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی

‌‎بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبوون و برینداربوونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە.


‌‎ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە.


‌‎لەبەرامبەر چەندبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییە، ئەركی هەموولایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین.


‌‎وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر کە شەهیدی ئارامیی کوردستانن، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. هەروەها دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عیراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت.


‌‎داوا لە هەموو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكەین هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆربووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە.


‌‎خەڵكی خۆشەویستی كوردستان،
‌‎پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و بە یەكگرتووییمان سەقامگیریی لە هەرێمەكەمان بەرقەرار دەكەین و رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەكان دەبینەوە.


‌‎بافڵ جەلال تاڵەبانی
‌‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

PUKMEDIA


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ