فیلمی ته‌میره‌ له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كوردی مۆسكۆ نمایش ده‌كرێ

29.09.2023
جەماوەر نیوز

دوای پازده‌ ساڵ له‌ به‌رهه‌مهێنانی، فیلمی "ته‌میره‌" له‌ ده‌رهێنانی "فه‌رید ئێلهامی"، له‌ فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ وه‌رگیرا و بڕیاره‌ له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا نمایش بكرێت.

وه‌رگیرانی ئه‌و فیلمه‌ له‌ فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ له‌ كاتێكدایه‌، حه‌وت له‌و مامۆستا و گێڕه‌ره‌وانه‌ی ته‌مبوور، كه‌ له‌ فیلمه‌كه‌دا به‌شداریان كردووه‌ كۆچی دواییان كردووه‌.

فیلمه‌كه‌ جگه‌ له‌ ناوچه‌كانی كوردستان، له‌ ئێران، عێراق، توركیا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا و سوید وێنه‌ی گیراوه‌.

هه‌ریه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندان مه‌زهه‌ری خالقی، شه‌هرام نازری، حوسێن عەلیزادە و کەیخۆسرەو پوور نازری، ئەوەیان پشتڕاست کردووه‌ته‌وه‌، کە ئامێری میوزیكی ته‌مبوور، ئامێرێكی دێرینی یارسانه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی یارسان وه‌ك ئامێرێكی پیرۆز و به‌شێك له‌ كولتووری ئایینی به‌ درێژایی مێژوو پاراستوویانه‌ و نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌ هونه‌ری فێربوونیان به‌ نه‌مری هێشتووه‌ته‌وه‌.

فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كوردی مۆسكۆ، لە ساڵی 2020 ـه‌وە بەڕێوەدەچێت، وەشانی یه‌كه‌م و دووەمی فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌ هاوكاری و سپۆنسه‌ری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چووه‌ و بۆ وه‌شانی سێیه‌میش كه‌ بڕیاره‌ پێش كۆتایی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان پشتیوانی ده‌كات و بڕیاره‌ وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانیش تێیدا ئاماده‌ بێت.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ