تیپی هونه‌ری شاریا خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا

07.11.2023
جەماوەر نیوز

حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی ئاریان سه‌لاحه‌دین، بریكاری وه‌زاره‌ت پێشوازیی كرد له‌ تیپی هونه‌ری شاریا.

تیپی هونه‌ری شاریا، به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ مانگی ڕابردوودا به‌شداری له‌ نۆیه‌م فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی نیوده‌لهی و چوار فێستیڤاڵی دیكه‌ی ویلایه‌ته‌كانی هیندستان كرد و توانی سه‌ركه‌وتووانه‌ خه‌ڵاتی فێستیڤاڵه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت.

ئه‌مڕۆ له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی تیپه‌كه‌ سوپاس و پێزانینی وه‌زاره‌تی بۆ ڕۆڵی تیپه‌كه‌ له‌ ناساندنی هونه‌ر و كولتووری هه‌رێمی كوردستان له‌ فێستیڤاڵه‌كاندا ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند، له‌ ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه‌ ده‌توانین سه‌رمایه‌گوزاری زیاتر بۆ ناساندنی كولتوورو هونه‌ری دێرینی پێكهاته‌كان و ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ و فره‌ڕه‌نگی كولتووری له‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ین.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، كه‌ ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوبه‌ری گشتیی وه‌زاره‌ت ئاماده‌بوون، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، بڕوانامه‌ی ڕێزلێنانی به‌خشیی به‌ تیپی هونه‌ری شاریا. هه‌روه‌ها ئاریان سه‌لاحه‌دین، بریكاری وه‌زاره‌ت چه‌پكه‌ گوڵی وه‌زاره‌تی پێشكه‌ش به‌ تیپه‌كه‌ كرد.

تیپی هونه‌ری شاریا 27 ساڵه‌ دامه‌زراوه‌ و بایه‌خ به‌ هونه‌ره‌كانی میوزیك و هه‌ڵپه‌ڕكێ و تابلۆی هونه‌ری سه‌مای پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ