ده‌رگای خۆ پاڵاوتن بۆ كۆمسیۆن ده‌كرێته‌وه‌

29.03.2023
جەماوەر نیوز
لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەمڕۆ چوار شه‌ممه‌ یەکەم کۆبوونەوەی کرد و، بڕیاری دا رۆژی 5ـی نیسان تاوەکو 15ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بکاتەوە.
رۆژی 15ی ئاداری2023 پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و لیژنەیەکی پێنج کەسی بۆ کاراکردنەوەی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن و راپرسی‌ پێكهێنابوو، عه‌باس فه‌تاح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەری یەکێتییە لە لیژنەکە وتی ئەمڕۆ چوارشەممە29ی ئاداری 2023 لیژنەکەیان یەکەم کۆبوونەوەی کرد و بڕیاری داوە لە 5ـی نیسان تاوەکو 15ـی نیسان سیڤیی كاندیدان بۆ ئەندامیێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وەربگرێت. 
بەوتەی نوێنەری یەکێتی لە لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، لیژنەکەیان سیڤیی کۆمسیۆن وەردەگرێت و دواتر هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن و دەینێرن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دواتر متمانەی پەرلەمان وەربگرن.
ئەندامانی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن پێکدێن لە: بژار كۆچه‌ر، نوێنه‌ری پارتی، عه‌باس فه‌تاح، نوێنه‌ری یه‌كێتی، به‌ڵێن ئیسماعیل، نوێنه‌ری گۆڕان، روبوینه‌ ئوملیک، نوێنه‌ری هاوپه‌یمانیی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی كلد و ئاشوورییه‌كان و سارا دڵشاد چاوشلی، نوێنه‌ری فراكسیۆنه‌ توركمانییه‌كان.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2014 پێکهاتووە، (9) ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی هەیە کە بەسەر پێنج لایەنە سەرەکییەکەی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دابەشکرابوون، پارتی سێ ئەندام کە ئێستا دوانیان نەماون و دەبێت دوو ئەندامی کۆمیسیۆن دابنێت، کە یەکێکیان تورکمان بێت، یەكێتی دوو ئەندام، بزووتنەوەی گۆڕان دوو ئەندام، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان یەک ئەندام و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان یەک ئەندامی هەیە. هەروەها لە 12 بەڕێوەبەری گشتیی كۆمسیۆن، چواریان پارتی، سێیان یەكێتی، سێیان گۆڕان، یەک یەكگرتوو و یەکێکیان كۆمەڵە.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ