محەمەد حاجی مەحمود: حکومەتی هەرێم هەموو شتێکی بە کردەیی ڕادەستی بەغدا کردوە

31.07.2025
جەماوەر نیوز
محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردۆتەوە ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم هەموو شتێکی بە کردەیی ڕادەستی بەغدا کردوە، بەغداش فشارەکانی لە موچە و بودجەدا کۆکردوەتەوە و بە لوتبەرزییەوە وەڵامی داخوازییە ڕەواکانی کورد دەداتەوە. لەبەرامبەردا لایەنی کوردستانی هەمیشە دووپاتی پابەندی و گوێڕایەڵی خۆی دەکاتەوە، ئەمڕۆش گوایە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیای سۆمۆی دروستکراوی سەردەمی بەعس هەناردە دەکەن، بۆ ئەوەی موچە و بودجەیان بداتێ. 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەسەڵاتەی لە بەغدا هەیە، بەس فیدراڵ نییە. جگە لە کورد کەس بە فیدراڵ ناوی نابات ، تەسلیمکردنی نەوت بە عێراق، بەبێ ڕێککەوتنێک کە مافەکانی کوردی تێدا زامن کرابێت، گەورەترین ستەمە لە خۆیان و میللەتەکەمان. ئەوەی تائێستا هەیە هیچ ڕێککەوتن نییە بەڵکو تەسلیمبوونە لەپێناو موچە بەشێوەی قەرز و سوکایەتیکردن بە کوردستان. 
دەبێت بەر لە هەرشتێک ئەو بڕیارانەی عێراق لە ۲٠۱٤ داویەتی بۆ بێبەشکردن و سڕینەوەی خەڵکی کوردستان لە میزانییە هەڵبوەشێتەوە و کۆتایی بەو سیاسەتە بهێنرێت کە مانگێک بە قەرز و مانگێک خاترانە و مانگێک بەفشاری ئەملاولا موچەی خەڵکی کوردستان بنێرێت. 
جەختیشیکردەوە، بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بۆ قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، تکریت، موسڵ و سەلاحەدین ڕاشکاوانە پێماندەڵێت ئەگەر کێشەی موچە چارەسەر ببێت ئەوا کێشەی زمان سەرهەڵدەدات وەئەگەر کێشەی زمان چارەسەر ببێت زەوی جوتیارەکانمان داگیر ئەکەن، ئەوان کێشەیان لەگەڵ کوردبوونماندا هەیە

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ