قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لە ماوەی دوو مانگدا تەواو دەبێت

01.09.2025
جەماوەر نیوز
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، كارەكانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بڵاویکردەوە، كارەكانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبن و دەست بە قۆناغی سێیەم دەكرێت.
گوتیشی: ئەو گەڕەك و گوندانەی لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر سوودمەند دەبن، لە نێوان هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەترین و بریتین لە؛ عەنكاوە، 32ـی پارك، كورانی عەنكاوە، بەحركە، گردجووتیار و سێبەردان و چەندان گەڕەك و گوندی دیکە.
يه‌كشه‌ممه‌، 8ـی ئه‌يلوولى 2024، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ردى بناغه‌ى پرۆژه‌ى فرياگوزاریی خێراى ئاوى هه‌ولێری دانا، پرۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار، له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 550 ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت و به‌ ته‌واوبوونى پرۆژه‌كه،‌ كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ شارى هه‌ولێر به‌ ڕێژه‌ى 100% چاره‌سه‌ر ده‌بێت. هەروەها  بە ماوەی كەمتر لە ساڵێك قۆناغی یەكەمی تەواو كرا و ئێستا قۆناغی دووەمیش بەرەو تەواوبوون دەچێت.
تێچووی پڕۆژەكە 480 ملیۆن دۆلارە و لە کاتژمێرێکدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەكات. پێشتر سەرچاوەی ئاوی پاك لە هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (1 و 2 و 3) 10 هەزار مەتر سێجا بوو، بەڵام ئەو پڕۆژەیە دوو بەرانبەری ئەو سێ پڕۆژەیە بەرهەمی ئاوی هەیە و تا 30 ساڵی ئایندە، كێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەكات، هاوكات لەم پڕۆژەیەدا ڕەچاوی فراوانبوونی شاری هەولێر و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو لە ئایندەدا كراوە.
قۆناغی یەكەم و تەواوبوونی پڕۆژەكە 10 هەزار مەتر سێجایە، دوای فلتەركردن و پاككردنەوەی بە ستانداردی نێودەوڵەتی، ئاو بۆ 20 گەڕەكی هەولێر دەگوازێتەوە و ئاوی پاك دابین دەكات. هەروەها پڕۆژەكە بە كەمتر لە كاتی دیاریكراو و بە كۆمپانیا و دەستی كاری خۆماڵی جێبەجێ كرا، بڕیارە مانگی 11ـی ئەمساڵ قۆناغی دووەم تەواو ببێت و ئاو بگەیەنرێتە گەڕەكەكانی هەولێر.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ