به‌ھۆی پڕنه‌كردنه‌وه‌ی فۆڕمی خۆراك، یه‌ك ملیۆن كه‌س به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌یان ڕاگیراوه‌

02.09.2025
جەماوەر نیوز

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم بۆ به‌غدا ئاشكرایكردوه‌، له‌به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌دا به‌غدا غه‌در له‌ھه‌رێم ده‌كات، ده‌شڵێت:"به‌شه‌خۆراكى یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌هه‌رێمى كوردستان ڕاگیراوه‌".

حسێن سه‌بری نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم بۆ به‌غدا ئاماژه‌ى به‌و غه‌دره‌ كردوه‌ كه‌ عێراق له‌هه‌رێمى ده‌كات، ده‌ڵێت:"لای خۆیان ئه‌وه‌ی شه‌ش مانگ فۆڕم پڕنه‌كاته‌وه‌، ئینجا به‌شه‌ خۆراكه‌كه‌ی‌ ڕاده‌گرن، به‌ڵام له‌ھه‌رێم ته‌نها دوو مانگ پڕی نه‌كاته‌وه‌، به‌شه‌ خۆراكه‌كه‌ی ڕاده‌گرن".

به‌وته‌ى حسێن سه‌بری، "به‌ھۆی پڕنه‌كردنه‌وه‌ی فۆڕمی خۆراك، یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌هه‌رێمی كوردستان به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌یان ڕاگیراوه‌".

ئاشكراشیكرد، "به‌شێك له‌وانه‌ی فۆڕمیان پڕنه‌كردوه‌ته‌وه‌ تائێستا كارتی نیشتمانییان نییه‌و تاوه‌كو فۆڕمی خۆراكه‌كان پڕده‌كرێنه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ناشزانین چه‌ند مانگ دواده‌كه‌وێت".

ئه‌وه‌شى وت، "كاتێكیش واده‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی خۆراك كۆتایی پێهات، ئه‌وكات پێویسته‌ بچێته‌ فه‌رمانگه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت فۆڕمی خۆراك پڕبكاته‌وه‌، ڕێكاره‌كانیش زۆر زه‌حمه‌تن".

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ