مەسرور بارزانی: بەمزووانە لەگەڵ بەغدا دەگەینە ئەنجامێكی ئەرێنی

20.09.2025
جەماوەر نیوز

مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بیانوویەکی بۆ حكومەتی فیدڕاڵ نەهێشتووەتەوە و، لە ماوەیەكی نزیكدا دەگەینە ئەنجامێكی ئەرێنی.

 لەمیانی كردنەوەی پرۆژەی جووتسایدی شێخان - لالش، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد و لە بەشێكی وتارەكەیدا، تیشكی خستە سەر نوێترین پێشهاتەكان لەبارەی پرسی مووچە و بوودجە و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

 ڕۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لێتێگەیشتنی سێقۆڵی: هەولێر- کۆمپانیاکانی نەوت- بەغدا  بەزۆرینەی دەنگ تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەسەند کرد.

 مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، گفتوگۆكانمان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ لەسەر بودجە و مووچە بەردەوامە و ئەو ڕێككەوتنە سێقۆڵیەی كە بڕیارە لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بكرێت، دەبێتە هەنگاوێكی گرنگ و باش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دیكە.

لەبارەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وتی، "لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ دەگەینە ئەنجامێكی ئەرێنی".

 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و  "هیچ بیانووێكی بۆ حكومەتی فیدڕاڵ نەهێشتووەتەوە."  سەرۆکوەزیران بە پێویستی زانی "عێراق پابەندییەكانی بەرامبەر خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات."

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ