سۆمۆ: سبەی کاتژمێر 06:00ی بەیانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

26.09.2025
جەماوەر نیوز

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، لەسەر میکانیزیمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن، کە  ڕێککەوتنێکی گشتگیر و پیشەییە.

کۆمپانیای بەبەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاند، سبەی شەممە كاتژمێر 6:00ـی سەر لەبەیانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە دەسپێدەكات، دەشڵێت، "ئەوروپا بۆ جێگرەوە نەوتی ڕوسیا، پێویستی بە نەوتی هەرێم دەبێت و تاكو مانگی (تەمموز/7)ـی 2026 هەناردەكردن بەردەوام دەبێت".

بەپێی زانیارییەکانی سۆمۆ، لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی 190 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە هەناردە دەکرێت. پلانیش هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو رێژەیە بەرزبکرێتەوە بۆ 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. پرۆسەی هەناردەکردنەکە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەبێت و کاتژمێر 6ـی بەیانی دەست پێدەکات. سۆمۆ ئەوەشی روونکردەوە: "قسەمان لەگەڵ لایەنی تورکی کردووە و ئەوان بۆ وەرگرتنی نەوتەکە ئامادەن."
سەرجەم داهاتی ئەم نەوتە بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت دەگەڕێتەوە و سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانیش، کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەدا، کە تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار دەبێت. هاوکات، رۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆی بەکاردەهێنرێت.


بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ