وەزارەتی پەروەردە: لە ساڵی 2025 زیاتر لە 22 ملیۆن کتێب چاپ کراون

11.10.2025
جەماوەر نیوز
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی کوردستان دەڵێت، تەنیا لە ساڵی 2025 نزیکەی 22 ملیۆن 200 هەزار کتێب چاپکراوە و بەسەر قوتابخانەکان دابەشکراوە، هەموو قوتابیانیش بەبێ جیاوازی کتێبی نوێیان پێدراوە.

گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە لە کوردستان یەکێك بووە لە کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ڕوانگەیەوە سەدان قوتابخانەی نوێ دروستکراوە، هاوکات ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر کتێبی نوێ چاپ دەکرێت و بەسەر قوتابخانەکان دابەش دەکرێت، تەنیا لە ساڵی 2025 زیاتر لە 22 ملیۆن کتێب چاپکراوە و دراوە بە قوتابیان لە قوتابخانەکان.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تایبەت بە چاپکردن و کوالێتی کتێب دراوە، ساڵانە بە گوێرەی ژمارەی قوتابی کتێب چاپ دەکرێت، بە کوالێتییەکی زۆر باش، پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن دەگاتە کۆگای وەزارەتی پەروەردە، تەنیا لە ساڵی 2025 نزیکەی 22 ملیۆن 200 هەزار کتێب چاپکراوە و بەسەر قوتابخانەکان دابەشکراوە، هەموو قوتابیان بەبێ جیاوازی کتێبی نوێیان پێدراوە.

 وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، لە وڵاتێکی وەکو عێراق بەو هەموو بودجە گەورەییەی لەبەر دەستە کتێبی نوێ چاپ ناکرێت، ساڵانە زۆرێک لە دایک و باوکان دەچنە بازارەکان کتێب بۆ منداڵەکانیان دەکڕن، ئێمە تەحەدا دەکەین یەک دایک و باوک بچێت لە بازار کتێب بۆ منداڵەکەی کتێب بکڕێت بەبیانوی ئەوەی لە قوتابخانە وەرینەگرتووە.

حەسەن سەرتیپ، بەڕێوەبەری گشتیی چاپەمەنییەکان لە وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، لە یەکەم هەنگاوەکانماندا دەستمان کرد بە گۆڕانکاری سەرتاسەری لە کتێبەکان، ئەو کتێبانەی ساڵانێكی زۆرە نەگۆڕابوون دەستمان پێکرد و هەموومان گۆڕی، تائێستا نزیکەی 600 بابەتمان گۆڕیوە.

 ساڵانە دوای کۆتایی هاتنی وەرزی خوێندن کتێبە کۆنەکان لە قوتابخانەکان کۆ دەکرێتەوە و بە نووسراوی فەرمی دەدرێتەوە بە کۆگای پەروەردەکان، لە ماوەی کابینەی نۆیەم 214 قوتابخانەی نوێ دروست کراون، بۆ ئەمساڵیش 28 قوتابخانە تەواو کراون، بە کۆی گشتیی شوێنی نوێ بۆ 110 هەزار قوتابی دروست کراون.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو