ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی هەشت دەنێردرێت

18.10.2025
جەماوەر نیوز
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەگەر حکوومەتی فیدراڵ هیچ گرفت و بەربەستێکی دیکە دروست نەکات، لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی ئابی 2025ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2025،  فارس عیسا لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: بەداخەوە لە عێراق مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت و پرسی مووچە و شایستە داراییەکانیان کردووەتە چەکێک و دژی مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بەکاری دەهێنن.
وتیشی: بەهۆی ئەو عەقڵیەتەی هەژموونی بەسەر عێراقدا سەپاندووە و دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکات، پێویستە لە بەغدا بەهێزتر بین.
هەروەها ئاماژەیدا، ئەو ئەرکانەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویست بوون، لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، بابەتی هەژماری من هەمووی جێبەجێکردووە، هەرچەندە سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درابوو، بەڵام بەداخەوە بە پاساوی بوونی هەندێک کێشەی تەکنیکی دوایانخست، لە کاتێکدا هیچ کێشەیەک لە ئارا نەبوو، بۆیە پێشبینی دەکەم لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی ئاب ڕەوانە بکرێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو