بەهۆی بارانەوە نرخی بەرمیلێک نەوت لە هەولێر گەیشتە 190 هەزار دینار

09.12.2025
جەماوەر نیوز
نرخی نەوتی ماڵان لە هەرێمی کورستان بەرزبووەوە. لە هەولێر بەرمیلێک بە 190 هەزار دینارە و لە سلێمانیش بە 175 هەزار دینارە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش رایگەیاندووە، ئەم ساڵ زیاتر لە 107 ملیۆن لیتری نەوتییان بەسەر زیاتر لە 500 هەزار خێزاندا دابەشکردووە.

سەید لەتیف زرار، نەوتفرۆش لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە : "لە دوێنێوە نرخی بەرمیلێک نەوت بە گەیاندنەوە گەیشتووەتە 200 هەزار دینار".
ئەو کاسبکارە گوتی: "بە کۆ بەرمیلێک نەوت بە 190 هەزار دینارە، ئێمەش بەگوێرەی گەڕەکەکان بۆ گەیاندنی بەرمیلێک نەوت 10 بۆ 15 هەزار دینار وەردەگرین، بەمەش بەرمیلێک نەوت بە 200 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان".
لە سلێمانی نرخی نەوت هەرزانترە، عەلی فوئاد، نەوتفرۆش لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە"ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوت بە 175 هەزار دینارە".
بە گوتەی ئەو کاسبکارە، هەفتەی رابردوو پێش ئەم شەپۆلەی بارانبارین بەرمیلێک بە 165 هەزار دینار بووە.
ئەم ساڵ پێش هاتنی پاییز، بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بە 107 هەزار دینار بوو.

بابەتی هاوشێوە