سۆمۆ: له‌ سێ مانگدا 19 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانمان هه‌نارده‌ كردوه‌

15.01.2026
جەماوەر نیوز

كۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی به‌بازاڕكردنی نه‌وت (سۆمۆ) ئه‌مڕ پێنجشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی سێ مانگی ڕابردودا 19 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتیان له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ كردوه‌ و ده‌شڵێت، "به‌رده‌وامین له‌ وه‌رگرتنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كه‌ كراوه‌".


عه‌لی نزار شه‌تری به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای سۆمۆ رایگه‌یاند، له‌ ئێستادا ڕاده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌نێوان هه‌ردولا هه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌، هه‌مو لایه‌نه‌كانیش هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ پابه‌ندبون به‌ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی واژۆكراو، به‌پێی مه‌رجه‌كانی كاركردنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان و كاره‌ لۆجستییه‌كان.

ڕونیشیكرده‌وه‌، "ئه‌و بڕه‌ وه‌رگیراو و هه‌نارده‌كراوانه‌ی كه‌ له‌ 27ی (ئه‌یلول/9)ی 2025ه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ تا كۆتایی مانگی (كانونی یه‌كه‌م/12)ی 2025 نزیكه‌ی 19 ملیۆن به‌رمیل بوه‌، نزیكه‌ی مانگانه‌ به‌تێكڕا شه‌ش ملیۆن به‌رمیل مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت".

عه‌لی نزار شه‌تری ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "سروشتی پیشه‌سازی نه‌وتی جیهانی گۆڕانكاری له‌ ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردندا ده‌سه‌پێنێت له‌سه‌ر بنه‌مای مانگانه‌، به‌پێی گۆڕاوه‌ ته‌كنیكی و كارگێڕییه‌كان".

عه‌لی نزار شه‌تری ده‌شڵێت، "بڕی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی مانگانه‌ له‌ نه‌وتی هه‌رێم وه‌رده‌گیرێت، ڕێژه‌ی سه‌دییه‌كه‌ی له‌ كۆی هه‌نارده‌كردنی عێراق، به‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌م و له‌ سنورێكی قبوڵكراودا ده‌گۆڕێت به‌پێی داتاكانی پیشه‌سازی نه‌وت و ئه‌و ڕێكارانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی جێبه‌جێكراون".

لە ڕۆژی 26ـی (ئەیلول/9)ـی 2025 و دوای 26 مانگ لە ڕاگرتنی، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی توركیاوە دەستیپێكردەوە كە بەشێك بو لەو ڕێككەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدا، ماوەكەی بۆ سێ مانگ و تاوه‌كو كۆتایی 2025 بو، بەڵام بە درێژكردنەوەی ماوەی ئەو ڕێككەوتنە، تا ڕادەیەك گرەنتی ناردنی موچە دەكات لە ساڵی نوێدا.

بابەتی هاوشێوە