سەردەمی (کۆیلە - دکتاتۆرەکان)
14.01.2026

سەردەمی (کۆیلە - دکتاتۆرەکان): کاتێک تیرۆریستێک لەژێر سایەی چەتری نێودەوڵەتیدا دەبێتە جەلادی کورد

تانیا طاهر 

مێژوو پێمان دەڵێت کەوڵاتانی زلهێز هەمیشە بۆپاراستنی بەرژەوەندییەکانیان،"تیرۆریستە داواکراوەکان" دەگۆڕن بۆ "پیاوی دەوڵەت" دەرکەوتنی ئەحمەد شەرع وەک یەکێکە لەونمونانە و کاراکتەری سەرەکی لە سوریای نوێدا، پەردە لەسەر دیاردەیەکی مەترسیدار لادەبات کە من ناوم ناوە "کۆیلە-دکتاتۆر"ئەم چەمکە تەنها گوزارشت نییە لە ناوێک، بەڵکو گوزارشتە لە دۆخێکی فەلسەفی و سیاسی کە تێیدا بونەوەرێکی سیاسی یان ڕاستتر تیرۆرستێک خاوەنی دوو ڕووی دژبەیەکە: لە ئاستی دەرەوەدا کۆیلەیەکی ملکەچی ئەجێندا ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانە، بەڵام لەئاستی ناوخۆدا بەرامبەر بەنەتەوەی کورد، دکتاتۆرێکی خوێنڕێژ و بێبەزەییە . ئگەر بپرسین چۆن تیرۆریستێکی داواکراو دەبێتە سەرۆک؟ چونکە وەڵامەکە سادەیە: ئەو بوەتە "کۆیلەیەکی کارا" بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای ئەو وڵاتانەی کە بەرژەوەندیی خۆیان لە سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورددا دەبیننەوە. ئەم مۆدێلە سیاسییە نیشانی دەدات کە "تیرۆر" لای زلهێزەکان تەنها ناوێکی کاتییە؛ ئەگەر تیرۆریستێک ئامادە بێت ببێتە "کۆیلە" بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوان، ئەوا شەرعیەتی دکتاتۆریی پێ دەدەن تا بە ویستی خۆی خوێنی کورد بڕێژێت. ئەوەی لەسەردەستی ئەحمەد شەرع و چەکدارەکانی حکومەتەکەی دەکرێت درێژکراوەی هەمان ئەو مێژووەیە کە تێیدا کورد دەکرێتە قوربانی ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکان، ئەوان دەیانەوێت دوبارە نەخشەی ناوچەکە بە خوێنی کورد بنەخشێننەوە. ئەمە تەنها گۆڕینی دەسەڵات نییە، بەڵکو گۆڕینی شێوازی جینۆسایدە. ئەم کۆیلە-دکتاتۆرە بە بەکارھێنانی ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەو و پاڵپشتیی سەربازیی وڵاتانی هەرێمی ئەنجامی دەدات. ئەمڕۆ ئەو بەچاوشۆڕییەوە بوەتە ئامرازی دەستی هێزە دەرەکییەکان، چونکە کورد خاوەنی پرۆژەیەکی ئازادیخوازانەیە کە لەگەڵ جەوهەری کۆیلایەتیی ئەم جۆرە دکتاتۆرانەدا ناگونجێت بۆیە لەم هاوکێشەیەدا دەبێتە قوربانیی یەکەم. ئەمە ساتی هەرە شەرمەزارکەری مێژووە کە تێیدا تیرۆریستێک بە بەرچاوی جیهانەوە دەکرێتە "سەرۆک" تا جینۆسایدێکی نوێ دژی گەلی کورد ئەنجام بدات. بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەجنێدایە ئەحمەد شەرع و گروپەکانی، بە شێوازێکی "نامرۆڤانە" پەلاماری ناوچە کوردییەکان دەدەن ئەوان تەنها خاک داگیر ناکەن. بەڵکو؛ تاوانەکانی جەنگ دژی کورد بە بەرچاوی دونیا تۆماردەکەن، وەک: • کوشتنی بە کۆمەڵ و بەکارهێنانی توندوتیژیی بێسنوور بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی کورد و بێسەروشوێنکردنی مەدەنییەکان. • گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکان و نیشتەجێکردنی گروپە توندڕەوەکان لەبری خاوەنە ڕەسەنەکانی خاکەکە . • تێکدانی شوناسی کلتووری و مێژوویی کوردستان لە سوریا. • تیرۆری سیاسی: پاکتاوکردنی هەر دەنگێکی ئازاد کە داوای مافە ڕەواکانی گەلی کورد بکات. ئەوەی جێگەی سەرنج و شەرمەزارییە، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە؛ جیهانێک کە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکات، بەڵام بۆ پاراستنی هاوسەنگییە سیاسییەکان، چاو لە ئاست ئەو تاوانە نامرۆڤانە دادەخات کە دەرهەق بە کورد دەکرێت. ئەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستیەی ئەمڕۆ گەورەترین شکستی ئەخلاقیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. بەڵام ئەوەی بۆ هەموان گرنگە و جێگای شانازیە، لە بەرامبەر ئەم ماشینە جەنگییە نامرۆڤانەیەی کۆیلە-دکتاتۆر، هێزێکی پۆڵایین و پڕ لە ئیرادە ڕاوەستاوە: "شەڕڤانانی ئازادی" .لەو کاتەی کە جیهان تەنها تەماشاکەرە، ئەم کوڕ و کچە تێکۆشەرانە بوونەتە تەنها بەربەست لەبەردەم لافاوی تیرۆر و فاشیزمی عەرەبی نوێدا. بەرخۆدانی شەڕڤانان تەنها بەرگرییەکی سەربازی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی فەلسەفی قووڵی هەیە؛ ئەوان نوێنەرایەتی "مرۆڤی ئازاد" دەکەن کە ئامادە نییە سەری بۆ هیچ "کۆیلە-دکتاتۆر"ێک نەوی بکات. لە کاتێکدا ئەحمەد شەرع و چەتەکانی بە پشتیوانیی تانک و فڕۆکەی داگیرکەران هێرش دەکەن، شەڕڤانان بە باوەڕبوون بە خاکی کوردستان و بەهاکانی مرۆڤایەتی، داستانێک دەنووسنەوە کە مێژوو هاوشێوەی کەم بینیوە. ئەوان نیشانیان دا کە چەکی ئیرادە لە هەموو ئەجێندا نێودەوڵەتییەکان بەهێزترە، ناوی شەڕڤانان وەک سیمبولی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتی بە بەرزی دەمێنێتەوە. دەرەنجام دەتوانین بڵێین: سەردەمی کۆیلە-دکتاتۆرەکان مەترسیدارترین قۆناغی مێژووی نوێیە. ئەحمەد شەرع وەک نمونەیەک تەنها بکەرێکە، بەڵام دەستی هەموو ئەو هێزانەی لەپشتە کە نایانەوێت کورد وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ و دیموکرات لە ناوچەکەدا هەناسە بدات. ئەرکی مرۆڤایەتی و نەتەوەییە کە ئەم دەمامکە لەسەر ڕووخساری ئەم جۆرە دکتاتۆرانە لاببرێت و تاوانەکانیان بە جیهان بناسێنرێت، پێویستە جیهان بزانێت کە خوێنی کورد نابێتە مەرەکەب بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامە سیاسییەکانی نێوان وڵاتان و کۆیلە-دکتاتۆرەکان، بەرخۆدانی قارەمانانەی شەڕڤانان سەلماندوویەتی کە ئیرادەی گەلێک بۆ
ئازادی، هیچ هێزێک ناتوانێت بیبەزێنێت.


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە