هۆشداری توند لە لیندزی گراهام، وادیارە هیچ کەسێک لە سوریا گوێ لە من یان بەرپرسانی تری حکومەتی ئەمریکا ناگرێت

19.01.2026
جەماوەر نیوز
سیناتۆرێکی دیاری ئەمریکا رایدەگەیێنێت، وادیارە هیچ کەسێک لە سوریا گوێ لە من یان بەرپرسانی تری حکومەتی ئەمریکا ناگرێت و ئەگەر هێزەکانی سوریا بەردەوام بن لە پێشڕەوی بەرەو باکور و ڕەققە ئەوا سزاكانی سەر دیمەشق دەگەڕێنینەوە و زیانی هەمیشەییش بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سوریا دەگات.

لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا ئەمشەو لە پلاتفۆڕمی "X" رایگەیاند، ئەگەر هێزەکانی حکومەتی سوریا بەردەوام بن لە پێشڕەوی بەرەو باکور و ڕەققە، من فشار دەکەم بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی یاسای قەیسەر بە شێوەیەکی زۆر توندتر.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەک دیارە، هیچ کەسێک لە سوریا گوێ لە من یان بەرپرسانی تری حکومەتی ئەمریکا ناگرێت. ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، نەک تەنها سزای زۆر توند و تێکشکێنەر دەسەپێنرێت، بەڵکو زیانی هەمیشەییش بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و حکومەتی نوێی سوریا دەگەیەنێت. ئەگەر پێتانوایە ئێمە تەنها قسەی بێمانا دەکەین و جدی نین - بەردەوام بن.
ئەو سناتۆرە دەشڵێت، "من هەوڵمداوە بەرانبەر حکومەتی نوێ دادپەروەر بم، بەڵام وادیارە گوێمان لێ ناگیرێت. ئەگەر ململانێتان لەگەڵ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەوێت و دەتانەوێت زیانی هەمیشەیی بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سوریا بگەیەنن، ئەوا بەردەوام بن. ئەگەر دەتانەوێت پەیوەندییەکە ڕزگار بکەن، بوەستن و بگەڕێنەوە"

بابەتی هاوشێوە