زانیاری نوێ له‌باره‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی سنوری كۆبانێ

20.01.2026
جەماوەر نیوز
ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند، شه‌وی رابردو له‌ چه‌ند به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ دیمه‌شق تێكشكێندراون و رێگری له‌ پێشڕه‌ویه‌كانیان له‌سنوری كۆبانێ كراوه‌.

ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هه‌سه‌ده‌ له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ كاتژمێره‌كانی سه‌ره‌تای به‌یانی ئه‌مڕۆ، له‌ نێوان كاتژمێر 3:00 بۆ 6:00ی به‌یانی، له‌ به‌ره‌ی سڕین له‌ باشوری كۆبانی، گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ دیمه‌شق دو هێرشی یه‌ك له‌ دوای یه‌كیان ئه‌نجامدا، هێزه‌كانمان ئازایانه‌ هه‌ردو هێرشه‌كه‌یان به‌رپه‌رچ دایه‌وه‌، شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی ئه‌و به‌ره‌یه‌ش بوه‌ هۆی له‌ناوبردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئۆتۆمبێله‌ سه‌ربازییه‌كانیان و زرێپۆشی هه‌ڵگری چه‌كداره‌كانیان و كوژرانی ئه‌وانه‌ی له‌ناویاندا بون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، له‌ به‌ره‌ی ئه‌بو سڕه‌ هێزه‌كانمان هێرشێكی وردیان كرده‌ سه‌ر یه‌كێك له‌ كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ دیمه‌شق ناچاریان كرد پاشه‌كشه‌ بكات و هه‌ڵبێن، هه‌روه‌ها هه‌وڵێكی دیكه‌ی پێشڕه‌وی له‌ میحوه‌ری گوندی خان مامه‌د له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی كۆبانی پوچه‌ڵكرایه‌وه‌، كه‌ دوژمن زیانێكی زۆری به‌ركه‌وت كه‌ پلانه‌كه‌یان پوچه‌ڵكرده‌وه‌ و ناچاریان كرد بكشێنه‌وه‌.

باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هێزه‌كانمان، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژنان (یه‌په‌ژه‌)، ئاماده‌یی ته‌واویان بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك دوپاتده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ ئیراده‌یه‌كی بێوچان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ به‌رگریكردن له‌ گه‌له‌كه‌مان و خاكه‌كه‌مان".

له‌دوای بنبه‌ست گه‌یشتنی دانوستانه‌كانی نێوان رۆژاڤای كوردستان و حكومه‌تی دیمه‌شق، گروپه‌ چه‌كداره‌كان هێرشیان بۆسه‌ر رۆژاڤا ده‌ستپێكرد و له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌سه‌ده‌ بانگه‌وازی هه‌ڵگرتنی چه‌كی كرد و روبه‌ڕوی هێرشه‌كان بۆوه‌، له‌ئێستاشدا شه‌ڕێكی قورس له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی رۆژاڤا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بابەتی هاوشێوە