مه‌سعود بارزانی: داوام له‌ شه‌رع كرد، ته‌عه‌دا له‌ كورد نه‌كرێت

21.01.2026
جەماوەر نیوز
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌په‌یامێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت، داوای له‌ پاپای ڤاتیكان كردوه‌، پشتیوانیی كوردانی رۆژاڤای كوردستان بكات و ده‌شڵێت، "داوا له‌ ئه‌حمه‌د شه‌رع كرد، نه‌بێته‌ شه‌ڕی كورد و عه‌ره‌ب و ته‌عه‌دا له‌ كورد نه‌كرێت".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئیتاڵیا كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنیۆ تاجانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا مه‌سعود بارزانی سه‌باره‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاپای ڤاتیكان و هه‌ڵوێستی له‌باره‌ی شه‌ڕ و روداوه‌كانی ئێستای سوریا و رۆژاڤای كوردستان، مه‌سعود بارزانی وتی، "له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا داوام له‌ پاپای ڤاتیكان كرد به‌ هێزی مه‌عنه‌وی خۆی پشتیوانیمان بكات".

سه‌باره‌ت به‌ پشتیوانی و هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به‌دۆخی رۆژاڤای كوردستان، مه‌سعود بارزانی وتی، "هه‌بونی من ئه‌مڕۆ لێره‌، واتای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هاتون به‌ هانامانه‌وه‌".

له‌باره‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی رێكخراوی داعش و هه‌ڵهاتنی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش له‌ كه‌مپه‌كانی رۆژاڤای كوردستان، مه‌سعود بارزانی ئاشكرایكرد، "بێگومان ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر هه‌مومان، له‌وانه‌ش ئیتاڵیا، هه‌مومان هه‌ست به‌و مه‌ترسییه‌ ده‌كه‌ین و پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی یه‌كتری هه‌یه‌، ده‌بێت پلانێك هه‌بێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م مه‌ترسییه‌".

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزه‌ر مه‌سعود بارزانی وتی، "له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع داوامكرد، شه‌ڕ و پێكدادانه‌ سه‌ربازییه‌كان نه‌بنه‌ شه‌ڕی كورد و عه‌ره‌ب و ته‌عه‌دا له‌ كورد نه‌كرێت، هاوكات گفتوگۆ بكرێته‌ پێوه‌ر و بنه‌ما بۆ چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كێشه‌كان".

 مه‌سعود بارزانی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ ڤاتیكان و له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ پاپا لویسی چوارده‌یه‌م هیوای ئه‌وه‌یان خواست كه‌ ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ جیهاندا باڵاده‌ست بێت و كۆتایی به‌ ئازار و نه‌هه‌ماتیی گه‌لان بهێندرێت.

بابەتی هاوشێوە