ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له‌باره‌ی دۆخی كۆبانێوه‌ هۆشداری ده‌ده‌ن: كاره‌سات روده‌دات

24.01.2026
جەماوەر نیوز

ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له‌ رۆژاڤای كوردستان له‌باره‌ی دۆخی كۆبانێ هۆشداری ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن، بڕینی تەواوەتی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی لەگەڵ نەبونی یارمەتییە مرۆییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و دەرمان و شیری منداڵان و کەلوپەلی گەرمکەرەوە، بوەتە هۆی تێکچونی توندی دۆخی مرۆیی، ده‌شڵێت، نزیكه‌ كاره‌ساتێكی مرۆیی روبدات.
وردودرشتی هه‌واڵ؛
هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕێكخراوه‌كانی  مافی مرۆڤ لە سوریا و مافی مرۆڤ لە فورات له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا كه‌ ئاڕاسته‌ی نەتەوە یەکگرتوەکانیان كردوه‌ ده‌ڵێن، "رێکخراوەکەمان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچون بۆ ئەو پێشهاتە مرۆییە جددیانە دەکات کە لە ئەنجامی ئەو گەمارۆیەی کە چەند ڕۆژێکە بەسەر شاری کۆبانێ و لادێکانی دەوروبەریدا سەپێنراوە، ئەو گەمارۆیە ڕاستەوخۆ ژیانی نزیکەی نیو ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە، کە لە ئێستاوە لە دۆخێکی خراپدا دەژین کە ڕۆژانە خراپتر دەبێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، بڕینی تەواوەتی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی لەگەڵ نەبونی یارمەتییە مرۆییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و دەرمان و شیری منداڵان و کەلوپەلی گەرمکەرەوە، بوەتە هۆی تێکچونی توندی دۆخی مرۆیی، تا ئێستا چوار منداڵ بە هۆی سەرمای زۆر و نەبونی چاودێری پزیشکییەوە له‌ كۆبانێ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئەوەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ نزیکبونەوەی کارەساتێکی مرۆیی بەرفراوان ئەگەر دەستێوەردانی خێرا ڕونەدات.

هه‌روه‌ها هۆشداری ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن، "بەردەوامبونی ئەم گەمارۆیە پێشێلکارییەکی ڕونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیه‌، بەتایبەتی ئەو ئەرکانەی پەیوەستن بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دڵنیابون لە دەستڕاگەیشتنێکی بێ بەربەست بۆ یارمەتییە مرۆییەکان، بەپێی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ و ڕێسا نەریتییەکان کە پابەندن بە هەمو لایەنەکانەوە".

داوا له‌ نەتەوە یەکگرتوەکان، فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA)، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور، و هەمو دەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان ده‌كه‌ن هەنگاوی خێرا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ و لادێکانی دەوروبەری بنێن.

هه‌روه‌ها داوای کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی سەلامەت بۆ دڵنیابون لە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و چۆڵکردنی کەمتەرخەمترینەکان ده‌كه‌ن، پێویسته‌ به‌په‌له‌ هاوکاری مرۆیی بگه‌یه‌نرێت، لەوانە خۆراک، دەرمان، سوتەمەنی، و پێداویستی گەرمکەرەوە، بەبێ هیچ دواکەوتنێک.

هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن فشاربكرێته‌ سەر هەموو لایەنەکان بۆ دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێگریکردن لە بەرکەوتنی هەر جۆرە سزایەکی دەستەجەمعی خەڵکی مەدەنی.
زانیاری په‌یوه‌ندیدار؛
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سوریا بە خەندان-ی ڕاگەیاند، د. بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان لە سەرەتای ڕوداوەکانی سوریاوە تائێستا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئاستی جیهان و ناوچەکە و حکومەتی سوریا و رۆژاڤای کوردستان لەسەر هێڵ بوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گرژییەکان لە سوریا و راگرتنی هێرشی سەر کوردانی رۆژاڤا، هاوکات گەیاندنی هاوکاریەکان بۆ لێقەوماوان کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی هەسەدەدان.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەی د. بەرهەم ساڵح و لە ژێر گوشاردا، حکومەتی دیمەشق رێگەدەدات نەتەوە یەکگرتوەکان هاوکاری بگەیەنێتە لێقەوماوانی رۆژاڤای کوردستان کە ئێستا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)دان و لە ژێر گەمارۆی توندی گروپەکانی سەر بە دیمەشقدان.

لە شەشی ئەم مانگەوە هاوڵاتیانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی کە زۆرینەی کوردن لە شاری حەلەب بەهۆی هێرشی گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق ئاوارەبون بۆ شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە پارێزگای حەسەکە، ئەوە جگە لە بونی هەزاران خێزانی ئاوارە کە لە ساڵانی رابردودا.

هه‌دیە عەبدوڵا، هاوسەرۆکی مانگی سوری کوردی ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو سەرمایە زۆرەی شاری کۆبانێی گرتوه‌ته‌وه‌ و چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئەو ڕوداوە گوزارشت لە جددیەتی دۆخی مرۆیی کۆبانێ دەکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەر ناوچەیەک کە گەمارۆی تەواوەتیی لەسەربێت، بەشێوەیەکی سروشتی توشی خراپتربونی کێشەی تەندروستی دەبێت، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە سەختەی کەشوهەوا کە روی له‌ ناوچه‌كه‌ كردوه‌.

هاوسەرۆکی مانگی سوری کوردی هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامی گەمارۆدانی شارەکە دەتوانێت ببێتەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی و پەتا، لەئەنجامی نەبونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، وەک ئاو، کارەبا، دەرمان و شیری منداڵان، ئەو هۆکارانە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی منداڵان بەتایبەتی دروستدەکەن

بابەتی هاوشێوە