گاردیان: “بۆمبێکی تەوقیتکراو” لە سووریا بەرەو تەقینەوە دەچێت

25.01.2026
جەماوەر نیوز
 ڕۆژنامەی “گاردیان”ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کردووە کە چارەنووسی زیندانیانی داعش لە کەمپ و گرتوخانەکانی سووریا (کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەسەدەدا بوون)، دوای دەسەڵاتگرتنی حکومەتەکەی جۆلانی بەرەو نادیاری دەچێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، حکومەتی ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا کۆنترۆڵی ئەو ناوەندانەیان کردووە، بەڵام گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە ئەم هێزانە “لە ڕووی کردارییەوە توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو ژمارە زۆرەی زیندانیانیان نییە”. هەر بۆیە واشنتۆن بیر لە گواستنەوەیان بۆ عێراق دەکاتەوە وەک “بەدیلێکی ئارامتر”.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پلانی گواستنەوەی زیندانییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە:
کات و تێچوو: پرۆسەکە کاتێکی زۆر و تێچوویەکی دارایی یەکجار زۆری دەوێت.
هەڵاتنی زیندانیان: مەترسییەکی جیدی هەیە کە چەکدارانی داعش پێش تەواوبوونی پرۆسەی گواستنەوەکە هەڵبێن، ئەمەش مەترسی دروستکردنەوەی ڕێکخراوەکە لە ناوخۆی سووریا دەهێنێتە پێشەوە.
دزەکردن بۆ ناو هێزەکان: باس لەوە دەکرێت کە “لایەنگرانی داعش لە ناو هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریادا” بوونیان هەیە، کە دەبنە ژینگەیەکی لەبار بۆ کار ئاسانیکردن یان چاوپۆشیکردن لە هەڵاتنی ئەندامانی ڕێکخراوەکە.
گاردیان هۆشداری دەدات، کە زیندانیانی داعش ئێستا وەک “بۆمبێکی تەوقیتکراون لە سووریا” و چاوەڕێی تەقینەوە دەکەن. هەڵاتنی ژمارەیەکی زۆری ئەوان دەرفەت دەداتە ڕێکخراوەکە ڕیزەکانی ڕێک بخاتەوە، بەتایبەت لە وڵاتێکدا کە بەدەست ململانێی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت و ژینگەیەکی ئاسایشی شێواوی هەیە.
جێی ئاماژەیە، پێشتر حکومەتی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە بە نیازە نزیکەی ٧٠٠٠ زیندانیی داعش لە سووریاوە بگوازێتەوە بۆ عێراق. ئەمریکا جەختی کردبووەوە کە ئەم هەنگاوە لەسەر داوای حکومەتی عێراقە و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ “لیستە ڕەشەکان” و سەرکردە مەترسیدارەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا.



بابەتی هاوشێوە