مالیكی سێ جێگری ده‌بێت و پۆستێكی باڵا زیاد ده‌كات

25.01.2026
جەماوەر نیوز
سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئاگادار ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، ڕێككه‌وتنێكی سیاسی كراوه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق، سێ جێگری هه‌بێت، كه‌ یه‌كێك له‌و جێگره‌كانیشی تایبه‌ت ده‌بێت به‌ كاروباری خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ناو حكومه‌تدا.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئاگادار، له‌ ڕێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌تاییه‌دا كه‌ كراوه‌، سێ پۆستی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران دیاریده‌كرێن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وان پۆستی وه‌زارییان هه‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شێوازه‌ی ئێستای حكومه‌ت كه‌ دو پۆستی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران هه‌یه‌ و له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌وان وه‌زیری دارایی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ڕونیشیكرده‌وه‌، "یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ی له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا زیاد ده‌كرێت، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ بۆ كاروباری خزمه‌تگوزاری، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ژێر چاودێری ڕاسته‌وخۆی ئه‌و كه‌سه‌ی پۆسته‌كه‌ وه‌رده‌گرێت، به‌ ئامانجی هه‌ماهه‌نگی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ خزمه‌تگوزاری به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌رتر".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكراشیكردوه‌، "دانوستاندنه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ سێشه‌ممه‌ی داهاتو به‌ فه‌رمی ده‌ستپێده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت دوای دیاریكردنی نوری مالیكی وه‌ك كاندیدی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، راسته‌وخۆ له‌دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ نوری مالیكی ده‌ست به‌گفتوگۆ ده‌كات بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی".

له‌ چوارچێوه‌ی دانوستانه‌ به‌رده‌وامه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، بازنه‌ سیاسییه‌كان تاوتوێی كۆمه‌ڵێك پێشنیاری په‌یوه‌ست به‌ هه‌یكه‌لی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ دروستكردنی پۆستی نوێ به‌ ئامانجی باشتركردنی ئه‌دای حكومه‌ت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ خزمه‌تگوزاری.

بابەتی هاوشێوە