میدیای فەرمی سوریا: هەسەدە و دیمەشق ڕێككەوتن

27.01.2026
جەماوەر نیوز
تەلەفیزیۆنی فەرمی سوریا بڵاویكردەوە، هەسەدە و دیمەشق ڕێككەوتن، كە ئەوەش دەبێتە هۆی ڕاگرتنی هێرشی گروپەكان. بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە هەسەدە لە شوێنەكانی خۆی دەمێنێتەوە، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی دیمەشقیش دەچێنە ناو شارە كوردییەكانەوە، لەكاتێكدا بەرپرسانی ڕۆژاڤا تاكو ئێستا ڕێككەوتنەكەیان پشتڕاست نەكردوەتەوە.

تەلەفیزیۆنی فەرمی سوریا ئەمشەو بڵاویكردەوە، لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)  و حکومەتی سوریا هاتەئاراوە کە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکان و بڵاوبونەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە، قامیشلۆ و ناوچەکانی دیکە
تەلەفیزیۆنەكە لە زاری سەرچاوە تایبەتەكانەوە دەڵێت، "بەپێی  لێکتێگەیشتنەكە، هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سوریا لەناو شارەکان و ناوچە گرنگەکانی حەسەکە،  قامیشلۆ و ناوچەکانی دیکە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش بڵاودەبنەوە".
ئاماژەی بەوەشكردوە، هێزەكانی هەسەدە لە گوندەکانیان و ئەو ناوچانەی ئێستا لێی جێگیرن، دەمێننەوە و دەستدەکرێت بە ڕێوشوێنەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا، لە چوارچێوەیەکدا کە دواتر وردەکارییەکانی ڕادەگەیەنرێت.

تەلەفیزیۆنی فەرمی سوریا دەشڵێت، "لێكتێگەیشتنەكە ڕاگرتنی هەمو هێرشە سەربازییەکان لەسەرجەم بەرەكان لە خۆدەگرێت و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەش لە ماوەی دو ڕۆژی داهاتودا دەستپێدەکات".
پاشخانی هەواڵ؛ 
ئەوە لەكاتێكدایە تاكو ئێستا بەرپرسانی ڕۆژاڤای كوردستان هەواڵ و لێكتێگەیشتنەكەیان پشتڕاست نەكردوەتەوە، لەكاتێكدا جه‌نه‌ڕاڵ مه‌زڵوم عەبدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ له‌ دیمه‌شقه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی سوریا گفتوگۆ ده‌كات.

بابەتی هاوشێوە