پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست دەستپێدەکات

07.02.2026
جەماوەر نیوز
وردەکاریی نوێ؛ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست دەستپێدەکات
دوای دەرچوونی بڕیاری فەرمی بۆ سوودمەندبوونی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەرگرتنی زەوی، هەنگاوە کردەییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەستپێدەکەن و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێکارەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، سمینارێکی تایبەت بۆ نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکان بەڕێوەبچێت. ئامانجی سمینارەکە ئاگادارکردنەوەی وەزارەتەکانە لە چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی و ڕێکارە یاساییەکان.
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، پرۆسەی وردبینیکردنی ناوی فەرمانبەرانی گرێبەست دەستپێبکات، تاوەکو دوای تەواوبوونی، ناوەکان ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێن بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.
مەرجەکانی سوودمەندبوون لە زەوی:
بۆ ئەوەی فەرمانبەرێکی گرێبەست پارچە زەوییەکی پێ بدرێت، پێویستە ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
 پێویستە بە لایەنی کەمەوە ٨ ساڵ خزمەتی وەک “گرێبەست” هەبێت.
پێویستە پێشتر بە هیچ شێوەیەک لە وەرگرتنی زەوی یان خانوو سوودمەند نەبووبێت.
ئەگەر ژن و مێرد هەردووکیان فەرمانبەر بن، تەنها یەکیان مافی وەرگرتنی زەوی دەبێت.
لە ڕێنماییەکاندا ئەوە ڕوونکراوەتەوە، کە خزمەتی پێشوو (بۆ نموونە خزمەتی وانەبێژی) بۆ وەرگرتنی زەوی هەژمار ناکرێت؛ تەنها ئەو ماوەیەی کە فەرمانبەرەکە وەک گرێبەستی فەرمی دەستبەکاربووە، وەک ساڵانی خزمەت بۆی ئەژمار دەکرێت.

بابەتی هاوشێوە