فەرەنسا داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات وەڵامێکی "یەکگرتوو"یان بۆ پێناسە نوێیەکانی ترەمپ هەبێت

21.02.2026
جەماوەر نیوز
رۆژی شەممە، 21ـی شوباتی 2026، نیکۆلا فۆریسیێ، وەزیری کاروباری بازرگانیی دەرەوەی فەرەنسا، داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد وەڵامێکی "یەکگرتوو"یان هەبێت بۆ ئەو پێناسە گومرگییە نوێیانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خستوونیەتە سەر تەواوی هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا.

فۆریسیێ لە نامەیەکدا دەڵێت: "گرتنەبەری رێکارێکی یەکگرتوو لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە پێویست دەبێت".

رۆژی هەینی ترەمپ فەرمانێکی سەرۆکایەتیی واژۆ کرد کە لە 24ـی شوباتەوە بۆ ماوەی 150 رۆژ کاری پێدەکرێت، بەپێی فەرمانەکە باجێکی گومرکیی "جیهانی" بە رێژەی 10٪ دەسەپێنێت؛ هەروەها رۆژی شەممە، نیازی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی رێژەکە بۆ 15٪ راگەیاند.

لە بڕیارەکەدا چەند کەرتێکی کەم نەبێت، باجەکە سەرجەم کەرتەکانی دیکە دەگرێتەوە.

سەپاندنی ئەم باجانە لەلایەن ترەمپەوە وەڵامێک بوو بۆ بڕیارێکی دادگەی باڵا کە رایگەیاندبوو، سەرۆک دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە و دەسەڵاتی ئابووریی فریاگوزاریی قۆستووەتەوە بۆ سەپاندنی باجی گومرگی.

لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشڵ تایمز، رۆژی شەممە فۆریسیێ پشتیوانیی خۆی بۆ گرتنەبەری رێکاری تۆڵەسەندنەوە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە دەربڕی.

ئێستا فەرەنسا و هاوبەشەکانی لە یەکێتیی ئەورووپا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن لە لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگەی باڵای ئەمریکا.

پێشتر وەزارەتی کاروباری بازرگانیی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندبوو: "لەپێناو شیکردنەوەی بڕیارەکە و هەڵسەنگاندنی لێکەوتەکانیدا، لە پەیوەندیی نزیکداین لەگەڵ کۆمیسیۆنی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام".

بابەتی هاوشێوە