شەرقولئەوسەت: درێژکردنەوەی تەمەنی حکومەتەکەی سودانی تاوتوێ دەکرێت

22.02.2026
جەماوەر نیوز
ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، کە بەهۆی بەردەوامی بنبەستی سیاسی و کێشەی دارایی، سیناریۆی درێژکردنەوەی تەمەنی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ ماوەی ساڵێک خراوەتە بەرباس. ئەم پێشنیازە وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئێستا دەبینرێت، بە مەرجێک دەسەڵاتی تەواوی پێ بدرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان.


بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە و لایەنەکان نەیانتوانیوە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و کاندیدی سەرۆک وەزیران ڕێکبکەون. گرفتەکان کاتێک ئاڵۆزتر بوون کە نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کرا، بەڵام ڤیتۆی توندی ئەمریکای کەوتە سەر و دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە مامەڵە لەگەڵ حکومەتێک ناکات مالیکی سەرۆکایەتی بکات.


ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم بارودۆخە عێراقی خستووەتە ناو قەیرانێکی دارایی قووڵەوە، بە جۆرێک وەزارەتی دارایی بۆ سێیەم مانگی لەسەریەک نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا مووچەی ٨ ملیۆن مووچەخۆر و خانەنشین دابین بکات.

لە ئێستادا چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی پەرلەمان و حکومەت، یان بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ماوەی ساڵێکدا وەک بژاردەیەکی تر ماوەتەوە.

بابەتی هاوشێوە