شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما کوردستان دەگرێتەوه

25.02.2026
جەماوەر نیوز
شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوه و دەشڵێت: پلەکانی گەرما 9 بۆ 13 پلە ڕوو لەنزمبونەوە ئەکات.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی  ڕایگەیاند، لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاستەوه پێشبینیم وایە کە لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەی پێنج شەممە 26ـی2ـی2026 شەپۆلێکی بارانبارینی ناوبەناو شار و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوه و بەبڕی جیاواز باران ببارێ و سەرەتای دەستپێکی شەپۆلەکە لاوازە و لە سنوری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات و لە درەنگی ئێوارە یان شەوی پێنج شەممە فراوان دەبێتەوه بەرەو هەولێر و سۆران و ڕاپەڕین.
ڕاشیگەیاند، لەبەرەبەیانی هەینی دەگاتە سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە و گەرمیان، ڕۆژی هەینیش بەشێوەی ناوبەناو ئەگەری باران هەیە بەتایبەت ناوچە کوێستانیەکان، بەڵام کاریگەریەکەی لەسەر گەرمیان و هەڵەبجە لاواز دەبێت.
وتیشی، “لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلە بارانبارینە بارستە هەوایەکی ساردیش باڵ دەکێشێ بەسەر ناوچەکانمان و پلەکانی گەرما 9 بۆ 13 پلە ڕوو لەنزمبونەوە ئەکات و کەشێکی ساردی زستانە لەناوچەکانمان دروستەبێت”.
بە وتەی ئەو شارەزایەی كەشناسی، “ئەگەری بارینی بەفر لە تەواوی ناوچە شاخاویەکان هەیە لەگەڵ ئەو ناوچانەی ئەکەونە دامێنی چیاکانەوە و بەرزیەکانیان لە 1000 مەتر بۆ 1200 مەتر بەسەرەوەیە و دابارین بەشێوەی پچڕ پچڕ تاوەکوو بەرەبەیانی شەممە 28ـی2 بەردەوامە و پاشان بەکشتی کۆتایی دێت”.

بابەتی هاوشێوە