“بەتۆمەتی دزینی زیاتر لە ١١٣ ملیۆن دینار دەستگیرکرا”

25.02.2026
جەماوەر نیوز
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەتۆمەتی دزینی زیاتر لە ١١٣ ملیۆن دینار، مەفرەزەکانی نووسینگەی چەمچەماڵی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد.
ئەمشەو پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە نووسینگەی چەمچەماڵی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سکاڵای تۆمارکرد کە دز چووەتە سەر ماڵەکەیان، بە بڕیاری دادوەر بۆ دۆسیەکە وەرگیراو دەستبەجێ نووسینگەی چەمچەماڵی نەهێشتنی تاوان لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد.
سکاڵاکارەکە بە پۆلیسی ڕاگەیاندووە کە دزەکە  قاسەی پارەکانیانی دزیوە کە بڕی ١١٣ ملیۆن دینار و ٣٠٠ دۆلاری ئەمریکی تێدا بووە.
پۆلیس ڕایگەیاند، بەسوود وەرگرتن لەکامێراکانی چاودێری و سەرچاوەکانیان، توانرا تۆمەتبارێک بەناوی (ع، ع، ع) لەدایکبووی ٢٠٠٤ دەستگیربکرێت.
ئەوەشیخستەڕوو لە تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٣ لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.

بابەتی هاوشێوە