مالیکی نەکشێتەوە، قۆناغی سزادانی عێراق دەستپێدەکات

27.02.2026
جەماوەر نیوز
ئەگەر هاتوو نوری مالیکی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نەکشێتەوە، ئەوا ئەمریکا دەست بە سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا دەکات.
ئەمشەو کەناڵی “حوڕە”ی ئەمریکی کە بە زمانی عەرەبی پەخش دەکات لە زاری ڕاوێژکارێکی حکوومەتی عێراقەوە بڵاویکردەوە کە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست دەکات بە سەپاندنی سزاکان بەسەر عێراقدا.
ڕوونیشیکردەوە کە “سزاکان بە کەسایەتییە سیاسییەکان و بەرپرسانی پێشوو دەست پێدەکەن و لە داهاتووشدا دامەزراوە حکوومییەکان و ئەو کەرتانەش دەگرێتەوە کە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن، بەتایبەتی ئەو بانکانەی کە بەرپرسیارن لە پرۆسەی گواستنەوەی دراو بۆ دەرەوە”.
بەپێی وتەی ڕاوێژکارە حکوومییەکە: “بەرپرسانی عێراق بە باراکیان ڕاگەیاندووە کە ئەوان لە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر کەسایەتییەکاندا تێدەگەن، بەڵام ئەگەر بابەتەکە بگاتە دامەزراوە حکوومییەکان وەک کۆمپانیای نیشتمانیی فرۆشتنی نەوت (سۆمۆ) و بانکی ناوەندی، ئەوا ئەنجامی کارەساتباری لێ دەکەوێتەوە کە رەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی دۆخی گشتی لە وڵاتدا”.
لە بەردەوامی قسەکانیدا ڕاوێژکارەکە ڕایگەیاندووە کە باراک هیچ کۆمێنتێکی لەسەر مەترسییەکانی عێراق نەبووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە هەڵوێستی ئەمریکا لە ڕەتکردنەوەی نوری مالیکی لە ڕوانگەی واشنتنەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ شێوازی پەیوەندییەکانی داهاتوو لەگەڵ بەغدا.
هەروەها ڕاوێژکارە حکوومییەکە ئاشکرای کرد کە واشنتن تا کۆتایی هەفتەی ڕابردووی وەک مۆڵەت دابووە لایەنە سیاسییەکان، بەڵام سەرکردە سیاسییەکان داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتەکەیان کردووە بۆ ماوەیەکی زیاتر، بە مەبەستی پێدانی کاتی پێویست بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کاندیدکردنی مالیکی.

بابەتی هاوشێوە