زیو به‌رزده‌بێته‌وه‌ و نرخی زێڕ جێگیر ده‌بێت

27.02.2026
جەماوەر نیوز

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا و ئێران ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رده‌وامبون له‌ دانوستانه‌ ئه‌تۆمییه‌كان، نرخی زێڕ له‌ بازاڕه‌كانی جیهان سه‌قامگیر بو، به‌ڵام زیو روی له‌به‌رزبونه‌وه‌ كرد، له‌ كاتێكدا كۆبونه‌وه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بازاڕه‌كانی له‌ لێواری ئه‌گه‌ری ململانێدا هێشته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی بۆرسه‌ی جیهانی كانزاكان، نرخی ئۆنسه‌یه‌ك زێڕ به‌ پێنج هه‌زار و 190 دۆلار بوه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنی پێشودا به‌ڕێژه‌ی 0.4% به‌رزبوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ڕێڕه‌ودایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ به‌رزبونه‌وه‌ی تۆمار بكات.

سه‌باره‌ت به‌ نرخی كانزا به‌نرخه‌كانی دیكه‌، نرخی زیو به‌ ڕێژه‌ی 1% به‌رزبوه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 89.19 دۆلار. هه‌روه‌ها پلاتینیۆم و پالادیۆم به‌رزبونه‌ته‌وه‌، هاوكات پێوه‌ره‌كانی خاڵی دۆلاری بلومبێرگ كه‌ پێوه‌رێكه‌ بۆ دراوی ئه‌مریكی به‌ڕێژه‌ی 0.1% به‌رزبوه‌ته‌وه‌.

واشنتن و تاران هه‌فته‌ی داهاتو دانوستانه‌كانیان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ "پێشكه‌وتنی به‌رچاو"یان به‌ده‌ستهێنا، به‌گوێره‌ی وته‌ی عومان كه‌ وه‌ك ناوبژیوان كارده‌كات و ده‌رگای دیپلۆماسی زیاتر ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كه‌سێكی ئاگادار له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند كه‌ به‌رپرسان به‌ نائومێدی له‌ ئاستی پێشكه‌وتنه‌كان دانوستانه‌كانیان به‌جێهێشتوه‌.

په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات به‌هۆی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێرانه‌وه‌ گرژییه‌كی توندیان به‌خۆوه‌ بینیوه‌، دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا گه‌وره‌ترین هێزی سه‌ربازی ئه‌مریكای له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ كۆكرده‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌یان ئاڵوگۆڕ كرد، ئه‌مه‌ش پاڵپشتی به‌رزبونه‌وه‌ی زێڕی له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردودا كرد.

بابەتی هاوشێوە