محەمەد حاجی مەحمود رایگەیاند ئێران لەم جەنگە ناڕوخێت و بەرگری دەکات

04.03.2026
جەماوەر نیوز
محەمەد حاجی مەحمود رایگەیاند  ئێران لەم جەنگە ناڕوخێت و بەرگری دەکات

محەمەد حاجی مەحمود، لەبارەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرایکرد، جەنگەکە زۆر ناخایەنێت و لەکۆتاییدا گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەستپێدەکەنەوە.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند، نزیکەی 80 ساڵە ئیسرائیل دامەزراوە، تائێستا هیچ سەرۆکێکی ئەمریکی هاوشێوەی ترەمپ لەژێر فەرمانی ئیسرائیلدا نەبووە، لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیلیش بەشێکە لە ئەمریکا بەڵام لەوانەیە هۆکارەکە ئەوەبێت بە کارێک هەڕەشە لە ترەمپ بکەن
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامی شەڕ کوژران و ماڵوێرانییە و هیچ کەسێک لەوانەیە وەک پێویست لە جەنگدا سەرکەوتوو نەبێت، ئەمریکا بیرلەوەدەکاتەوە تەنها وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بتوانێت وەڵامی ئەمریکا بداتەوە ئێران و کۆریای باکوورە، دەزانێت کۆریای باکوور چەکی ئەتۆمی هەیە ناوێرێت خۆی لێبدات، بەڵام دوودڵە لە ئێران کە ئەو چەکەی هەبێت یاخود نا، جاری پێشوو شەڕیان لەگەڵ ئێران کرد و سەرکەوتوو نەبوون، ئەمجارەش من پێموانییە بتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن، چونکە ئێران ڕووبەرێکی فراوانی هەیە
ئەوەشی خستەڕوو، شەڕەکە ئێستا تەنها لە ئێراندا نییە، بەڵکو هەموو ئەو وڵاتانەی بنکەی ئەمریکای تێدایە گرتووەتەوە، شەڕەکە زۆر ناخایەنێت و پێموایە ناگاتە دوو هەفتە کۆتایی دێت، چونکە ئیسرائیل بەرگەی ئەم شەڕە ناگرێت
محەمەد حاجی مەحمود ڕوونیشکردەوە هەرێم تائێستا مامەڵەیەکی باشی لەگەڵ ئەم دۆخە کردووە، ڕووداوەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە هەرێمەوە نییە، خەڵکی کوردستان بێ لایەنە لەم جەنگە، پێموانییە هەرێمی کوردستان ببێت بە شوێنی جەنگەکە، هەروەها پێموایە ئێران لەم جەنگە ناڕوخێت و بەرگری دەکات و ئەمریکا و ئیسرائیل ناچاردەبن جەنگ ڕابگرن، لەکۆتاییدا دەبێت گفتوگۆ و دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ