کۆمپانیای “قەتەر بۆ وزە” بەرهەمهێنانی غازی ڕاگرت

04.03.2026
جەماوەر نیوز
کۆمپانیای “قەتەر بۆ وزە” بەرهەمهێنانی غازی ڕاگرت و باری نائاسایی ڕاگەیاند
کۆمپانیای “قەتەر بۆ وزە” (Qatar Energy) ئەمڕۆ چوارشەممە بە فەرمی ڕایگەیاند کە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و هەموو بەرهەمە پەیوەندیدارەکانی ڕاگرتووە، هاوکات کارکردنی بە یاسای “باری نائاسایی یان هێزی باڵا” (Force Majeure) ڕاگەیاند.
بەپێی بەیاننامە فەرمییەکانی کۆمپانیاکە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دامەزراوە ستراتیژییەکانی قەتەر کەوتنە بەر هێرشی سەربازی، و  هەردوو شاری پیشەسازی “ڕاس لافان” و “مەسەعید” لە دەوڵەتی قەتەر کراونەتە ئامانج.
 کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێرشەکان لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراون و زیانیان بە بەشە کارپێکەرەکانی دامەزراوەکان گەیاندووە.
کۆمپانیای “قەتەر وزە” ئاشکرای کردووە، کە بە فەرمی هەموو ئەو کڕیار و لایەنە نێودەوڵەتییانەیان ئاگادار کردووەتەوە کە غازیان لێ دەکڕن، بەوەی کە بەهۆی باری نائاسایی و وەستانی بەرهەمهێنانەوە ناتوانن پابەندبن بە گرێبەستەکانی گواستنەوە و دابینکردنی غاز لە ئێستادا.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە بازاڕی وزەی جیهانی بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە نائارامییەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە و قەتەریش وەک یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی غازی سروشتی لە جیهاندا، وەستانی بەرهەمهێنانی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخ و دابینکردنی وزە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ