تورکیا و چەند وڵاتێکی ناوچەکە پێشنیازی دەستپێکردنەوەی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن

16.03.2026
جەماوەر نیوز
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی تورکی ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەسپێشخەرییەکیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران خستووەتەروو، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی کۆنکرێتییان وەرنەگرتووە.
ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "نۆڤۆستی" رایگەیاند: "تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە پێشنیازی دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێرانیان کردووە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێکی دیاریکراو یان ئاماژەیەکی ڕوونمان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پێ نەگەیشتووە."
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانەکانی پێشووتریدا جەختی کردبووەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هەر ماوەیەک پێویست بێت بەرگریی لە خۆی بکات، ئاماژەی بەوەش دابوو کە تاران داوای ئاگربەست یان گفتوگاکانی ناکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی رایگەیاندووە: "پێشوازی لە هەر دەسپێشخەرییەکی ناوچەیی دەکەین کە ببێتە هۆی کۆتاییەکی دادپەروەرانە بۆ جەنگ." وەزیری دەرەوەی ئێران مەرجی کۆتاییهاتنی شەڕی بەوەوە گرێدا کە دەبێت گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان بدرێت و قەرەبووی زیانەکانیش بکرێتەوە.
هەروەها عێراقچی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو ئامانجانەی لە هێرشەکاندا کراونەتە ئامانج

بابەتی هاوشێوە