مەسعود بارزانی: هێشتا لە عێراقدا کەسانی شۆڤێنی هەن دژی مافەکانی گەلی کوردستانن

16.03.2026
جەماوەر نیوز
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی پەیامێکی لە بارەی ساڵیادی 38 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە زوڵمێکی زۆر گەورە بوو لە دژی خەڵکی کوردستان، لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبووە دەوڵەتێک هاووڵاتیانی خۆی بە چەکی کیمیایی جینۆساید بکات، دەشڵێت؛ سەرباری ئەو تاوانە دڕندانەیە هێشتا لە عێراقدا کەسانی شۆڤێنی هەن دژی مافەکانی گەلی کوردستانن.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئازاری 2026، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی 38 ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە:
تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە زوڵمێکی زۆر گەورە بوو لە دژی خەڵکی کوردستان، لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبووە دەوڵەتێک هاووڵاتیانی خۆی بە چەکی کیمیایی جینۆساید بکات، بەڵام لەناو عێراقدا ئەو تاوانە گەورەیە لەدژی گەلی کوردستان ئەنجام دراوە.
سەرباری ئەو تاوانە دڕندانەیە هێشتا لە عێراقدا کەسانی شۆڤێنی هەن دژی مافەکانی گەلی کوردستانن. تاوانی هەڵەبجە و سەرجەم تاوانەکانی ڕابردوو بەرپرسیارێتیەکی مێژوویی و یاسایی سەرشانی عێراقە و دەبێ قەرەبووی گەلی کوردستان بکات. لەویادەدا سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەنێرین

بابەتی هاوشێوە