سێیەم تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ ئامێرەکانی دەنگدان کرا

01.09.2025
جەماوەر نیوز
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سێیەم تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ ئامێرەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراقدا ئەنجام دا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق 'یۆنامی' لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاوی کردەوە، بەئامادەبوونی تیمی هەڵبژاردنی یونامی، سێیەم تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ ئامێرەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراقدا لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئەنجام درا.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لە تاقیکردنەوەکەش دڵنیابوونە لە ئامادەیی ئامێرەکانی دەنگدان بەگرتنەخۆی پشتڕاستکردنەوەی دەنگدەر و سکانەرەکانی بنکەکانی دەنگدان و سیستەمی ئەنجامەکان لەگەڵ دڵنیایی لە ڕاستی و دروستیی پرۆسەی هەژمارکردن لە ڕێگەی بەراوردکردنی هەژماری دەستی و ئەلیکترۆنییەوە.
یۆنامی ڕاشیگەیاند، کارمەندانی کۆمیسیۆن بەشدارییان لە ڕاهێنانەکە دا کردووە، کە بەشێکە لە ئامادەکارییە بەرفراوانەکانی کۆمیسیۆن بۆ دڵنیا بوون لە ئەنجامدانێکی ڕێکوپێک و شەفافی پرۆسەکە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا، کە بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025دا بەڕێوەبچێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ