جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا یه‌ک ملیار دۆلار ته‌رخان ده‌کات بۆ به‌هێزکردنى ئابورى ژنان

30.03.2023
جەماوەر نیوز
کامالا هاریس جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ بڕى یه‌ک ملیار دۆلارى بۆ هاوکارى دارایى به‌رنامه‌ گشتى و تایبه‌ته‌کان ته‌رخان کرد که‌ گرنگى ده‌ده‌ن به‌ به‌هێزکردنى ئابوورى ژنان ده‌ده‌ن، له‌کاتێکدا سه‌ردانه‌که‌ى بۆ غانا کۆتایى پێده‌هێنێت.

هه‌ر پاش ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ سه‌رۆک بایدن له‌ تویتێکدا وتى: " ژنان پێشه‌نگن. له‌ ساڵى 2021دا ژنان نزیکه‌ى نیوه‌ى هه‌موو کاردارییه‌ نوێیه‌کانى ئه‌مه‌ریکایان ده‌ستپێکردووه‌، له‌کاتێکدا له‌ ساڵى 2019دا که‌متر له‌ یه‌ک له‌سه‌ر سێ بووه‌.

نوسینگه‌ى جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا ڕایگه‌یاندووه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ پشتگیرى له‌ فراوانکردنى ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ دیجیتاڵییه‌کان و ڕاهێنانى کار و پشتگیریکردن بۆ خاوه‌نکاره‌کان ده‌کات.

هاریس رۆژى چوارشه‌ممه‌ مێزگردێکى بۆ ژنانى خاوه‌نکار له‌ ئاکراى پایته‌ختى غانا سازکرد، پێش ئه‌وه‌ى به‌ره‌و تانزانیا بڕوات، که‌ قۆناغى داهاتووى گه‌شته‌که‌ى بۆ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ک له‌ ئافریکایه‌.

هه‌روه‌ها رۆژێک پێشتر به‌ڵێنى دا بۆ قۆناغێکى نوێى هاوبه‌شى له‌ نێوان ئه‌مه‌ریکا و ئه‌فریقا، جه‌ختى له‌سه‌ر به‌هێزکردنى ژنان و په‌ره‌پێدانى ئابوورى دیجیتاڵى و پشتگیریکردنى دیموکراسى کرده‌وه‌.






ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ