به‌له‌مێکى کۆچبه‌ران ژێرئاوکه‌وت و لانیکه‌م 6 که‌س گیانیان له‌ ده‌ستدا و50 که‌سى دیکه‌ ڕزگارکران

13.08.2023
جەماوەر نیوز
به‌رپرسانى ناوخۆ ده‌ڵێن به‌هۆى نقوومبوونى به‌له‌مێکى کۆچبه‌رانه‌وه‌ که‌ هه‌وڵیداوه‌ له‌ فه‌ڕه‌نساوه‌ به‌ که‌ناڵى ئینگلیزدا تێپه‌ڕێت لانیکه‌م 6 که‌س گیانییان له‌ ده‌ستداوه‌ و زیاتر له‌ 50 که‌سى دیکه‌ ڕزگارکراون.

سه‌رۆکى شاره‌وانى شارۆچکه‌یه‌کى فه‌ڕه‌نسا فرانک دێرسین وتى کاتژمێر 6 ى به‌یانى ڕۆژى شه‌ممه‌ ئه‌رکێکى فریاکه‌وتنى گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌چووه‌ له‌ کاتێکدا که‌ ده‌یان به‌له‌مى کۆچبه‌ران هه‌وڵییانداوه‌ له‌ هه‌مان کاتدا به‌ که‌ناڵه‌که‌دا تێپه‌ڕن.

دێرسین به‌ ڕۆیته‌رزى وت " چه‌ندین به‌له‌م ڕووبه‌ڕووى سه‌ختییه‌کى مه‌ترسیدار بوونه‌ته‌وه‌، له‌ نزیک شارۆچکه‌ى سانگاتى به‌ داخه‌وه‌ لاشه‌ى مردوویان دۆزیوه‌ته‌وه‌."

که‌ناڵه‌که‌ى نێوان فه‌ڕه‌نسا و به‌ڕیتانیا یه‌کێکه‌ له‌ قه‌ره‌باڵغترین ڕێڕه‌وى بازرگانى له‌ جیهاندا و شه‌پۆله‌کانى به‌هێزن، ئه‌وه‌ش واده‌کات تێپه‌ڕبوون له‌ ڕێى به‌له‌مى بچووکه‌وه‌ به‌ که‌ناڵه‌که‌دا مه‌ترسیدار بێت.

خۆبه‌خشێک که‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ به‌له‌مه‌کانى فریاکه‌وتندا بوو، ئان پۆرێڵ، وتى " 54 که‌سمان ڕزگار کرد، ژنێکیشیان تێدا بوو."

وتیشى " ژماره‌یه‌کى زۆر له‌سه‌ر به‌له‌مه‌که‌ بوون."

پۆڕێڵ به‌ ڕۆیته‌رزى وت ئه‌و به‌له‌مه‌ى که‌ ئه‌م به‌شدار بووه‌ له‌ ڕزگارکردنى سه‌رنشینه‌کانیدا هیچ که‌سێکیان گیانى له‌ ده‌ست نه‌داوه‌.

پاسه‌وانى که‌نارى به‌ڕیتانیا وتى به‌له‌مى فریاکه‌وتنى له‌ دۆڤه‌ره‌وه‌ ڕه‌وانه‌ کردووه‌ بۆ یارمه‌تیدان له‌ ئه‌رکه‌کانى فریاکه‌وتندا، هاوکات ستافى فریاکه‌وتنى خێرا و پاسه‌وانى که‌ناره‌که‌ى ڕه‌وانه‌ کردووه‌.

به‌پێى داتاکانى حکومه‌تى به‌ڕیتانیا، ژماره‌ى ئه‌و کۆچبه‌رانه‌ى که‌ له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2018 ه‌وه‌ به‌ که‌ناڵه‌که‌دا تێده‌په‌ڕن له‌م هه‌فته‌یه‌دا 100,000 که‌سى تێپه‌ڕاندووه‌. له‌م ساڵدا نزیکه‌ى 16,000 که‌س به‌ که‌ناڵه‌که‌دا تێپه‌ڕیوه‌.

حکومه‌ته‌که‌ى سه‌رۆک وه‌زیرى به‌ڕیتانیا ڕیشى سوناک له‌م هه‌فته‌یه‌دا هه‌وڵه‌کانى ڕاگه‌یاند بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى ژماره‌ى کۆچبه‌ران له‌ وڵاته‌که‌دا.



ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ