بۆچی "فیفا" كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی فەرامۆش کرد

20.11.2025
جەماوەر نیوز
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شەپۆلێکی تووڕەییان بەخۆوە بینی، ئەوەش دوای ئەوەی هەژماری فەرمی "فیفا" پۆستەرێکی بڵاوکردەوە کە کاپتنی هەڵبژاردە سەرکەوتووەکانی بۆ مۆندیالی 2026 تێدابوو، بەڵام وێنەی ئەفسانەی پورتوگال "کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ"ی تێدا نەبوو.

ژمارەیەکی زۆر لە هەڵبژاردەکان بە فەرمی گەیشتنیان بە مۆندیالی 2026 مسۆگەر کردووە کە بڕیارە لە نێوان 11ی حوزەیران بۆ 19ی تەمموز لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا هێشتا هەڵبژاردە ئەورووپییەکانی دیکە چاوەڕێی یارییەکانی پاشکۆ (ملحق) دەکەن بۆ بەدەستهێنانی دواین کورسییەکان.

پۆستەری یەکەم کە فیفا بڵاویکردەوە، کاپتنی 42 هەڵبژاردەی لەخۆگرتبوو، لەنێویاندا لیۆنێل مێسی، کیلیان مباپێ، محەمەد سەلاح، هاری کەین، ئەشرەف حەکیمی و ئەوانی دیکە.

بەڵام ئامادەنەبوونی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکان و کاپتنی پورتوگال، بووە هۆی بێزاری و ناڕەزایەتی هاندەران کە ئەمەیان بە "پشتگوێخستنێکی نالۆژیکی" وەسف کرد، بەتایبەتی کە ڕۆناڵدۆ ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە گەیشتنی پورتوگال بە کۆتاییەکان.

ڕەخنەکان بە شێوەیەکی بێ وێنە زیادیان کرد، ئەمەش وای لە فیفا کرد پۆستەرێکی نوێ بڵاوبکاتەوە کە وێنەی ڕۆناڵدۆی تێدابوو لە تەنیشت مێسی و مباپێ و هاری کەین، وەک هەوڵێک بۆ دامرکاندنەوەی تووڕەیی هاندەران.

ئەم مشتومڕە هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی ڕۆناڵدۆ لە کۆشکی سپی وەک یەکێک لە میوانانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە لە میانەی وتارەکەیدا سڵاوێکی تایبەتی لە ئەستێرە پورتوگالیەکە کرد.

ڕۆناڵدۆ بەهۆی سزای ڕاگرتنەوە لە دواین یاری پاڵاوتنەکان ئامادە نەبوو، بەڵام لە میانی پاڵاوتنەکاندا ڕۆڵی هەبوو لە پێشەنگایەتیکردنی پورتوگال بۆ گەیشتنی ڕاستەوخۆ بە مۆندیال بۆ حەوتەم جار لەسەریەک.

ڕاپۆرتەکان دووپاتیان کردەوە کە مۆندیالی 2026 دواین وێستگە دەبێت لە کاروانی نێودەوڵەتی ڕۆناڵدۆ، لەکاتێکدا مەترسی ئەوەی لەسەرە لە یاری کردنەوەدا بەشدار نەبێت بەهۆی ئەو سزایەی لەسەری سەپێنراوە دوای دەرکرانی بەرانبەر ئیرلەندا.

ڕۆبێرتۆ مارتینێز، ڕاهێنەری پورتوگال ڕوونیکردەوە کە تانە لە بڕیاری ڕاگرتنەکە دەدات، و پێی وایە کاردانەوەکەی ڕۆناڵدۆ ئەنجامی ئیستیفزازی (هاندانی نەرێنی) بەردەوام بووە و سزاکەش زیادەڕەویی تێدا کراوە.

بابەتی هاوشێوە