له‌ ناو دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت به‌كارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕاده‌گیرێت

02.10.2022
جەماوەر نیوز
بە بڕیاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لەنێو تەواوی فەرمانگە و داموده‌زگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌كارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕاگیرا.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022، جەمال ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راگەیاند، له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن بڕیاریدا به‌كارهێنانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ ته‌واوی فه‌رمانگه‌ و داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رابگرێت.
ده‌شلێت: ئەو بڕیارە تەنها پڕۆژەی ئینتەرنێتی میری دەگرێتەوە کە حکومەتی هەرێم لە رێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ فەرمانگەکانی دابیندەکات.
جەمال ئەحمەد وتیشی: ئەم هەنگاوەی وەزارەتی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن پاڵپشتە بەوەی کە ئەم ئینتەرنێتە پێویستە تەنیا بۆ کاروباری فەرمی بەکاربهێندرێت، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری کارووباری فەرمیدا، بۆ ئەوەی فەرمانبەران لە کاتی دەوامی خۆیاندا سەرقاڵی کاری لاوەکی نەبن و لە خزمەتی هاوڵاتییان بن.

زۆرترین خوێندراو