عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود لەگەڵ بەرێوەبەرایەتى گشتى خزمەتگوزارى کەسوکارى شەهیدان کۆدەبێتەوە

30.05.2023
جەماوەر نیوز

ئەمڕۆ سێ شەممە ٣٠ ئایارى ٢٠٢٣ عەبدوڵڵا حاجى مه‌حمود،وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ بەرێوەبەرایەتى گشتى خزمەتگوزارى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى کۆبووه‌وە
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر شێواز و میکانیزمى دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى پاڵپشت بە فەرمانى ئەنجومەنى وەزیران و کۆنووسى واژووکراوى نێوان وەزارەتمان و وەزارەتەکانى شارەوانى و کشتوکاڵ و داد و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و دەستەى وەبەرهێنان.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتى گشتى خزمەتگوزارییەکانى کەسوکارى شەهیدان و زیندانیانى سیاسى ڕاسپێردرا کە هەنگاو و ڕێکارى پێویست بگرنەبەر، هەروەها باس لە خەرجکردنى کرێى خوێندن و دەرماڵەى هاتوچۆ و نیشتەجێبوون بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى بۆ ساڵانى خوێندنى ( ٢٠١٩ -٢٠٢٠) و ئەو خوێندکارانەى کە بەهەر هۆکاریک وەریان نەگرتووە (متەفەریقەکان)ی ساڵانى پێشوتر کە لەلایەن وەزارەتی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیرانى بۆ وەرگیراوە و سەرجەم ڕێکارە پێویستەکانى بۆ گیراوەتەبەر و لە ئایندەیەکى نزیکدا بۆیان خەرج دەکرێتەوە.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا باس لە چارەسەرى تەندروستى بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان کراو هەروەها باس لە کەموکوڕیەکان و پابەندکردنى نەخۆشخانە حکومی و ئەهلیەکان کرا.
سەبارەت بە لیژنەى پزیشکى بۆ دووبارە پشکنینى بەرکەوتوانى چەکى کیمیاوى لە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و هەڵەبجە ئاماژە بە کاروبارى ڕۆژانەى لیژنەکان کرا و باس لەو میکانیزمانەش کرا، کەبۆ باشترکردنى پرۆسەکە پێویستن.

زۆرترین خوێندراو