عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود پێشوازی لەڕزگاربوویەکی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال دەکات

03.10.2022
جەماوەر نیوز
رۆژی یەکشەممە ۲ ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۲ عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە ئامادەبوونی ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری لە دیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە یونس حاجی کە یەکێکە ڕزگاربووانی شاڵاوەکانی ئەنفال و لە ساڵی 1988 لەکاتی زیندەبەچاڵکردنیدا بە رێککەوتێکی سەرسوڕهێنەر ڕزگاری بووە، ناوبراو ساڵانێکی زۆرە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەژی، لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ یەکێکبووە لە شایەدحاڵەکانی سەلماندنی تاوانەکانی رژێمی بەعسی لەناوچوو کە لە لایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەرێوەدەچوو، ناوبراو لەبەردەم دادوەر و ڕای گشتی جیهان وەک شایەتحاڵێکی زیندوی رزگاربوو ، شایەدی لەسەر پرۆسەی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد دا.
 وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان خۆشحاڵی خۆی بە دیداری یونس حاجی دەربڕی، جەختیکردەوە کە ڕزگاربوانی پرۆسەی ئەنفال گەوهەرێکی بەنرخن بۆ سەلماندن و بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانی جینۆساید دژ بەگەلی کورد و بەڵگەی زیندووشن بۆ زیاتر ناساندنی دۆسیەی جینوسایدکردنی میللەتەکەمان لەسەر ئاستی جیهان، ئامادەیی هەموو هاوکاری و کار ئاسانیەکی نیشاندا بۆ تۆمارکردنی سەرگوزەشتەو بەسەرهاتی تاڵی ڕزگاربوانی پرۆسەی ئەنفال لە پێناو سوود وەرگرتن لە چیرۆکە راستەقینەکانیان بۆ خزمەتی پرۆسەی بەجیهان ناساندنی کەیسی جینۆسایدی گەلی کوردستان. هاوکات تەئکیدی کردەوە کە داکۆکی لە هەموو ماف و ئیمتیازاتێکی ڕزگاربووانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەن لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

زۆرترین خوێندراو